بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لەم هەفتەیەدا سەردانی ئیسڕائیل دەکات و لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێتدا کۆدەبێتەوە.
بەرپرسەکە وتی سۆلیڤان بە هاوەڵی بەڕێوبەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست برێت مکگۆرک و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکادا لە ڕامەڵا لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان مەحمود عەباسیشدا کۆدەبنەوە، ئەوەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و فەڵەستینیەکان.
بەڵام لە سەردانەکەدا پێدەچێت زیاتر باس لە هەڕەشەکانی ئێران بکرێت، لەکاتێکدا دیبلۆماتکاران ئاماژە بەوە دەدەن هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ لە گفتوگۆکانی ڤییەنادا سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا بەدی نەکراوە.
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ئەمەریکا و ئیسڕائیل گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن هەفتەکانی داهاتوو چۆن دەبێت لەگەڵ ئێراندا.
بەرپرسەکە وتی " باس لەوە دەکەین بە بۆچوونی خۆمان بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران گەیشتۆتە کوێ، دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە شێوازی گفتوگۆکان، ئەو کاتەی کە تیایدا کاردەکەین و جەخت کردنەوە لەوەی کە کاتمان زۆر لەبەردەستدا نەماوە."
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو وتی ئەمەریکا پێی وایە " ئێران کاتێکی کەمی ماوە " تاوەکو یۆرانیۆمی پێویست بپیتێنێت بۆ دروستکردنی چەکێکی ناوەکی و ئەوەش مەترسیدارە. بەڵام ئێران ڕەتی دەکاتەوە لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیدا بێت.
بەرپرسەکەی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن وتی ئەمەریکا و ئیسڕائیل تەواو هاوڕان لەسەر ئەوەی ڕێگە بە ئێران نەدرێت پەرە بە چەکی ناوەکی بدات.
گفتوگۆکانیش سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ڤییەنا تاوەکو هەفتەی داهاتوو وەستاون.
لە ڕامەڵاش، سۆلیڤان لەگەڵ عەباسدا باس لە هەوڵەکان دەکات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و فەڵەستینیەکان و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش بۆ فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلیەکانیش.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا