ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی 15ی مانگی دوانزە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تەلئەبیب، لە کۆتایی ئەو وتووێژانەی لەگەڵ ڕێبەرانی ئیسرائیل سەبارەت بە شەڕی ئێستای نێوان وڵات و حەماس هەیبوو، وتی حکومەتی ئەمریکا "لەگەڵ داگیرکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن نییە."
جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا دووبارە داگیرکردنەوەی کەرتی غەززە بە کارێکی دروست نازانێت و ئاماژەی بەوەشکرد ئامانجی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە لەناوبردنی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس دەبێت.
گوتی هاوڕایە لەگەڵ ئیسڕائیلدا لەسەر ئەوەی شەڕەکەی دژی چەکدارانی حەماس چەند مانگێک دەخایەنێت و گوتیشی بەڵام بەرپرسانی دوو وڵاتەکە تاوتوێی خشتەیەکی کات دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی چڕی شەڕەکە بۆ شێوازێکی وردتری بە ئامانجکردنی ڕابەرانی حەماس، ئەمەش لە نێوەندی نیگەرانییەکانی ئەمەریکادا سەبارەت بە زیادبوونی کوژرانی هاووڵاتیان لە غەززە.
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت بە سۆلیڤانی وت چەندین مانگی دەوێت بۆ لە ناوبردنی حەماس، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا بە دیاریکراوی چەند کاتی دەوێت.
سۆلیڤان وتی " هیچ ناکۆکییەکمان نیە لەوەدا کە شەڕەکە چەند مانگێک دەخایەنێت و ئەوەشی کە قۆناغە جیاوازەکانی جەنگەکە لە کاتی خۆیاندا لەو چەند مانگەدا دەبن، لەوانەش گۆڕینی چڕی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی بە ئامانجکردن."
وتی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و کابینەی جەنگەکەی ئیسڕائیلدا باسی لە خشتەی کاتەکە کردووە، وتیشی ئەو جۆرە گفتوگۆیانە بەردەوام دەبن لە ماوەی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستندا بۆ ئیسڕائیل.
بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە شکستی ئیسڕائیل لە کەمکردنەوەی قوربانییانی سڤیل لە نێو هاووڵاتییانی فەلەستینیدا و پلانەکانی بۆ ئایندەی غەززە، بەڵام کۆشکی سپی بەردەوامە لە پشتیوانییەکانی بۆ ئیسڕائیل، لە ڕووی سەربازیی و سیاسیشەوە.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا دەیەوێت ئیسڕائیل تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ئۆپەراسیۆنەکانی کەم بکاتەوە، بایدن وتی " دەمەوێت زیاتر سەنگ بخەنە سەر ئەوەی چۆن هاووڵاتییانی سڤیل بپارێزن، نەک بوەستن لە لەناوبردنی حەماس، بەڵام زیاتر وریا بن."
بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 18,700 هاووڵاتی فەلەستینی کوژراون، هەزاران کەسی دیکە بێسەروشوێنن.
سەرچاوە/ AP