Accessibility links

خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی سازدەکرێن

  • VOA News

دەیان هەزار کەس لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئەمڕۆ هەینی خۆپـیشاندانی ناڕەزایـیان سازکرد لە دژی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ناساندنی ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل.

لە شاری ڕامەڵڵا و خەلیل و بێت لەحم و ئەریحا لە کەناری ڕۆژئاوا و لە ناوچە عەرەبیـیەکانی ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات پـێکدادان لە نێوان خۆپـیشاندەرانی فەڵەستینی و هێزەکانی ئیسرائیل ڕوویان دا و بەپـێی مانگی سووری فەڵەستینی زیاتر لە 300 کەس برینداربوون.

لە کەرتی غەززەش خەڵکی بۆ هەمان مەبەست ڕژانە سەر جادەکان و کەوتنە تایە سووتاندن و بە سەدان کەسیشیان بە ڕێپـێوان بەرەو سنوورەکانی ئیسرائیل بەڕێکەوتن.

هێزەکانی ئیسرائیل بە گازی فرمێسک ڕێژ و گولـلەی لاستیکی ڕووبەڕووی خۆپـیشاندەران بوونەوە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیەکان دەڵێت لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە فەڵەستینیـیەک کوژراوە.

هاوکات لە عەممانی پایتەختی ئوردن و قاهیرە و بەغدا و سەنعا و بەیرووت و تاران و ئستەنبوڵ و ئەنکەرە و هەروەها لە پاکستان و ئەفغانستان و مالیزیا و ئەندەنوسیا خۆپـیشاندانی ناڕەزایی سازکران و دروشمی جۆراوجۆر لە دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا گوترانەوە.

لە لایەکی دیکە ئەحمەد ئەلتەیب شێخی ئەزهەر ڕایگەیاند ئامادە نیـیە چاوی بکەوێت بە مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە بڕیارە لە 20 ی ئەم مانگە بە فەرمی سەردانی میسر بکات، ئەمەش وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ.

XS
SM
MD
LG