ئەمەریکا دیبلۆماتکارێکی باڵای ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد بەمەبەستی داواکردن لە ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان تاوەکو ململانێکانی نێوانیان ڕابگرن.
لە لێدوانێکیدا کە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو پێشوازی لێکرد، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بەرگری لە مافی ئیسڕائیل کرد بۆ بەرگریکردن لە خۆی و سەرکۆنەی هاویشتنی موشەکەکانی کرد لەلایەن حەماسەوە بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا ئیسڕائیل بەرپرسیارێتیەکی تایبەتی لەسەر شانە، ئەوەش ئەوەیە دەبێت خۆی بەدووربگرێت لە کوشتن یاخود بریندارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
ئیسڕائیل ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەممە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر کەرتی غەزە 16 ئەندامی سەر بە باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسی کوشتووە. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش وتی لە ڕۆژی دووشەممەوە لانی کەم 56 کەس لە غەزە کوژراون. بەرپرسانی تەندروستی ئیسڕائیلیش وتیان شەش کەس لە ئیسڕائیل کوژراون.
بلینکن کە لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ نەتانیاهودا کرد وتی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هادی عمروی ناردووە تاوەکو کۆبوونەوە لەگەڵ فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلییەکاندا بکات.
تاوەکو ئێستا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن نوێنەری ئەمەریکای بۆ ئیسڕائیل دەستنیشان نەکردووە، هێشتا بەرپرسە باڵاکانی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە مامەڵە لەگەڵ دۆسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەن چاوەڕێی ئەنجومەنی سینات دەکەن بابەتەکە پەسەند بکات.
لەلای خۆیەوە ئۆفیسی نەتانیاهو وتی " سەرۆک وەزیر سوپاسی بلینکنی کردووە لەسەر پشتیوانی ئەمەریکا لە مافی ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی و ئەوەش مافێکە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەیەدا جەختی لەسەر کردۆتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز