Accessibility links

فەرماندەیەکی باڵای لەشکری ئەمەریکا دەڵێت لەگەڵ سەرۆک ترامپ هاوڕا نیـیە لە بڕیاری کشانەوە لە سوریا


فەرماندەی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا ئاگاهی دەدات کە داعش هێشتا جێی مەترسیـیە و دەڵێت ئەو لەگەڵ سەرۆک ترامپ هاوڕا نیـیە لە مەسەلەی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.

جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی CNN گوتی لە ئێستادا پـێشنیار ناکات هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا بکشێنەوە، چونکە هێشتا داعش ڕێبەر و چەکدار و لایەنگر و یارمەتیدەر و سەرچاوەی هەیە، بۆیە فشاری لەشکری بەردەوام پـێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گروپە تێرۆرستە.

گوتیشی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەبێ یارمەتی بەردەوامی ئەمەریکا لە توانیاندا نەدەبوو ڕووبەڕووی داعش ببنەوە. جەختی کردەوە کە هێشتا هەسەدە پـێویستی بە توانا و یارمەتیـیەکانی لەشکری ئەمەریکایـیە.

جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل کە لە وڵاتی عومانەوە لێدوانی بۆ CNN دەدا، گوتیشی ئەو کاتێک وەک سەرۆک ترامپ دەڵێت داعش شکستی هێناوە کە دڵنیابوو چیتر ئەو گروپە تێرۆرستیـیە جێی هەڕەشە نیـیە.

باسی لەوەش کرد هێشتا داعش توانای هەیە پـلان بۆ هێرشی تێرۆرستی لە دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دابڕێژێت.

جێی ئاماژەیە جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل چەند جارێک سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی ئەو هێزانە کۆبووەتەوە و لە نزیکەوە بارودۆخەکەی هەڵسەنگاندووە.

XS
SM
MD
LG