Accessibility links

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا: شەڕ دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریا بەمزووانە تەواو دەبێت


نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا جەیمس جێفری
نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا جەیمس جێفری

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ هیوادارە شەڕ دژی ڕێکخراوی داعش لە کۆتا شوێنەکانیاندا لە سوریا لە ماوەی چەند مانگێکی دیکەدا کۆتایی پێبێت و هێزەکانی ئەمەریکا دەمێننەوە تاوەکو دڵنیا دەبنەوە لەوەی داعش بەتەواوەتی شکستی هێناوە.

نوێنەری ئەمەریکا بۆ سوریا جەیمس جێفری وتی ئەمەریکا پێی وایە قۆناغی داهاتوو لە سوریا شکست هێنانی داعش دەبێت و چالاککردنی پڕۆسەی سیاسیی دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی سوریا.

وتیشی ئەمەریکا لە هەوڵیدا بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئامانجە، هیوادارە پێش کۆتایی ساڵ لیژنەیەک پێک بهێنرێت بۆ دانانی دەستووری نوێی سوریا، ئەمەش وەکو جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی کە ڕابەرانی ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و تورکیا لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا لە مانگی 10 دا پێی گەیشتوون.

وتیشی هێزەکانی ئەمەریکا دوای سەرکەوتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەر یەکەکانی ڕێکخراوی داعشدا لە سوریا دەمێننەوە بەمەبەستی ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی داعش خۆی یەکنەخاتەوە.

جێفری وتی " شکست پێهێنانی هەمیشەیی مانای ئەوە نیە بەس کۆتا یەکە سەربازییەکانی داعش لەناوببەیت کە کۆنتڕۆڵی هەندێک شوێنی کردووە، بەڵکو ئەوەیە کە داعش دووبارە دەرنەکەوێتەوە لەڕێی شانە نوستووەکانیانەوە."

وتیشی واشنتن دەیەوێت هێزەکانی ئێران لە سوریا بکشێنەوە، ئاماژەی بەوەدا بەردەوامبوونی بوونی هێزەکانی ئێران لە سوریا هەڕەشەیە بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

جێفری وتیشی پێکهێنانی لیژنەیەک لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ دەستکردن بە کاری دانانی دەستوورێکی نوێ بۆ سوریا هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی بەرەو پێشەوە بچێت. وتیشی ئەمەریکا ڕوسیا بە بەرپرسیار دەزانێت لەوەی دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت تاوەکو سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

هەروەها وتی " ئامانجمان، دووبارەی دەکەمەوە ئەو ڕێکەوتنەی کە لە 27 ی مانگی 10 دا ڕوسیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و تورکیا لەسەری ڕازیبوون، پێکهێنانی لیژنەیەکی دەستوورییە پێش کۆتایی ساڵ."

جێفری وتی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئێران لە سوریادا ئامانجێکی سەربازیی ئەمەریکا نیە بەڵکو دەبێت ئەنجامی پڕۆسەی کۆتایی هاتنی جەنگی ناوخی سوریا بێت و ئەوەش تاکە هۆکارە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG