Accessibility links

ماتیس: داعش تەنیا 2% ی ناوچەکانی جارانی بەدەستەوە ماوە


وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت داعش لە ئێستادا تەنیا 2% ی ئەو ناوچانەی بەدەستەوە ماوە کە پـێشتر لە ساڵانی 2014 و 2015داگیرکردبوون.

جێم ماتیس ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا لە وەزارەتی بەرگری گوتیشی دەبێت بەر لەوەی هێزەکانی ئەمەریکا سوریا جێبهێڵن داعش لەناوببرێت و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە خۆجێـیەکان بکرێت و وتووێژەکانی جنێڤ، ئەوەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەچن چالاکبکرێنەوە بە ئاڕاستەی کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا.

جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد لای خۆیەوە گوتی ئەمەریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانێتی 77 وڵات کاردەکات بۆ یارمەتیدانی 50 هەزار جەنگاوەر لە سوریا تاوەکو بتوانن داعش لەناوببەن و ئارامی و سەقامگیری بۆ ئەو ناوچەیە بەدیبهێنن. گوتیشی لە عێراقیش کاردەکەن بۆ پشتیوانیکردنی هێزە عێراقیـیەکان تاوەکو دڵنیا ببن لەوەی شکستهێنانی داعش هەمیشەییە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هێشتا داعش لە ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ڕووباری فورات ماوەتەوە و ئێستا هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەن بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە. گوتیشی کاردەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریـیە سەرەکیـیەکان بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکانی سوریا، بەڵام سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ئەو ناوچانە بەرنامەیەکی درێژخایەنی دەوێت و ئەنجام نادرێت هەتا چارەسەرێکی سیاسی نەبێت.

سەبارەت بە مەنبج و نەخشە ڕێگای نێوان واشنتن و ئەنکەرە بۆ ئەو ناوچەیە، جەنەڕاڵ دانفۆرد گوتی ئەوان لەگەڵ تورکەکان هێزی گەڕۆکیان بە هاوبەشی لە ناوچەکە هاتوچۆیان کردووە و ئێستاش کار لەسەر قۆناغی دووەم دەکەن. گوتیشی ئەوەی گرنگە ئاسایش و ئارامی ناوچەکەیە.

XS
SM
MD
LG