Accessibility links

داعشێـکی ئوسترالی لە موسڵ بە هێرشێـکی ئاسمانی ئەمەریکا دەکوژرێت


داعشێـکی بیانی کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئوسترالی بوو، بە هێرشێـکی ئاسمانی ئەمەریکا لە شاری موسڵ کوژراوە.

جۆرج براندس داواکاری گشـتی ئوسترالیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە بۆ پەیامنێرانی ڕاگەیاند نێڵ پراکاش کە لە دایکبووی شاری مێڵبۆرنە، لە 29 ی مانگی چوار بە هێرشێـکی ئاسمانی لە موسڵ کوژراوە.

حکومەتی ئوسترالیا دەڵێت نێڵ پراکاش کە لە نێو داعش بە ئەبو خالید ئەلکەمبۆدی ناسرابوو، باوکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی فیجیـیە و دایکیشی بە ڕەچەڵەک کەمبۆدیـیە. دەڵێن ناوبراو کەسێـکی گرنگ بووە لە نێو داعش و هەوڵی داوە خەڵکی بیانی بکات بە داعش و دەسـتی هەبووە لە دانانی چەندان پلانی تێرۆرستی تاوەکو لە ئوسترالیا ئەنجام بدرێن. هەروەها خەڵکیشی هانداوە هێرشی تێرۆرستی لە ناو ئەمەریکاش ئەنجام بدەن.

بەپـێی زانیاریـیەکان کاربەدەسـتانی واشنتن حکومەتی ئوسترالیایان ئاگادارکردووەتەوە نێڵ پراکاش کە لە سـاڵی 2013 وە ئوسترالیای جێهێشتبوو، لە 29 ی مانگی چوار لەگەڵ 12 داعشی دیکە لە موسڵ کوژراوە.

هەریەک لە ئەمەریکا و ئوسترالیا کوشتنی ناوبراو بە سەرکەوتنێـکی گرنگ دادەنێن، بەو پـێـیەی ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە کردنی کەسانی بیانی بە داعش و پـێشتر چەندان پیاو و ژن و تەنانەت منداڵی ئوسترالیشی کردبوو بە داعش.

جێی ئاماژەیە نێڵ پراکاش بەر لە سـاڵی 2012 ، ئەندامی چەند تاقمێـکی سەر جادەکانی ڕۆژئاوای شاری مێڵبۆرن بووە و پاشان بووە بە گۆرانیبێژێـکی موزیکی ڕاپ و دواتر بووە بە داعش.

XS
SM
MD
LG