Accessibility links

برێت مەکگورک: داعش لە حاڵەتی بەرگریدایە


نێردراوی تایبەتی سەرۆک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش دەڵێت ماوەی ساڵێـکە داعش نەیتوانیوە دەستبگرێت بەسەر هیچ ناوچەیەکی گرنگدا چ لە عێراق یان سوریا و لە ئێسـتادا لە حاڵەتی بەرگریدایە.

برێت مەکگورک ڕۆژی یەکشەممە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ساڵێـک لەمەوبەر داعش توانی شاری ڕومادی کۆنترۆڵ بکات کە لە مانگی دوازدە لە ژێر دەسـتی ڕزگارکرا، ئەمەش دوایـین ناوچەی گرنگ بوو کە داعش توانیبوی داگیریبکات.

مەکگورک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد باشبوونی زانیاریـیە هەواڵگریـیەکان و دابینکردنی پـێداویستیـیەکانی هێزە خۆجێـیە هاوپەیمانەکان، ئەوانەی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ڕێبەرایەتیـیان دەکات، یارمەتیان داوە لەوەی داعش نەتوانێت چیتر ناوچەی دیکە کۆنترۆڵ بکات. گوتیشی لە ئێسـتادا داعش ناوچەی کەمتری لە ژێر دەسـتدا ماوەتەوە و زیاتر لە حاڵەتی بەرگریدایە.

ئەم کاربەدەسـتەی ئەمەریکا باسی لەو هەواڵانەی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکاش کرد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی هەردوو شاری موسڵ لە عێراق و ڕەققە لە سوریا، گوتی "هەنگاوی باشیان بۆ نراون و دەتوانن بڵێن ڕۆژانە هێرشی ئاسمانی ورد دەکەنە سەر شوێنەکانی داعش لە موسڵ."

پاشان گوتی لە ئۆپەراسیۆنێـکدا لەم دوایـیانە هاوپەیمانان شوێنی خەزنەی پارەکانی داعشیان لە موسڵ دەسـتنیشانکردووە و کردوویانەتە ئامانج و بە سەدان ملیۆن دۆلاریان لەو خەزنانە بردووە. ئەمەش بووە مایەی قەیرانێـکی دارایی بۆ داعش و ناچاری کردووە موچەی چەکدارەکانی بۆ نیوە کەم بکاتەوە، بەڵام مەکگورک نەیگوت کەی ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام دراوە.

نێردراوی سەرۆک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش هەروەها گوتی داعش پەشۆکاو و شپرزە بووە و نیشانەش ئەو ئیعدامکردنانەیە کە بە ئاشکرایی لە مەیدانی سەرەکی شاری موسڵ ئەنجامی داون و هەروەها خزمەتگوزاریـیەکانی ئنتەرنێتی لەو شارە زۆر سنووردارکردووە.

پاشان گوتی ساڵی ڕابردوو هێزێـکی تایبەتی ئەمەریکا لە هەڵمەتێـکیدا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەسـتیانگرتووە بەسەر کۆمەڵێـک زانیاری زۆر گرنگ کە یارمەتیان داوە لەوەی زۆر بە باشی چەکدارانی داعش لە ڕەققە بکەنە ئامانج.

مەکگورک گوتیشی " لە ماوەی چەند هەفتە و مانگێـکدا دەسـتدەکەین بە فشارخستنە سەر داعش لە ڕققە لە هەموو لایەکەوە."

هەروەها باسی لە بڕیارەکەی سەرۆک ئۆباما کرد، ئەوەی مانگی ڕابردوو دای بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازانی هێزی تایبەتی ئەمەریکایی لە سوریا، گوتی ئەمانە یارمەتی دەدەن لە بەهێزکردنی دەسـتکەوتەکانی ئەم دوایـیانەی هێزە خۆجێـیەکانی ئەمەریکا پاڵپشـتیـیان دەکات.

ئاماژەی بۆ شارۆچکەی شەدادی کرد کە چۆن هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە لە مانگی دوو لە دەستی داعش ڕزگاری بکەن.

XS
SM
MD
LG