Accessibility links

سەرچاوەکان لە ئەمەریکا: ڕێبەری داعش ڕەنگە کوژرابێت


کاربەدەستان دەڵێن لەشکری ئەمەریکا ئەبو بەکر بەغدادی ڕێبەری داعشی کردووەتە ئامانج و پـێدەچێت کوژرابێت.

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" هەر ئێستا شتێکی زۆر گرنگ ڕوویدا."

هۆگن گێدلی جێگری سکرتێری ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی گوتی سەرۆک ترامپ بەیانی یەکشەمە لە کاتژمێر 9 وتارێکی گرنگ پـێشکەش دەکات.

کاربەدەستێک بە ئاژانسی دەنگ‌و باسی ڕۆیتەرزی گوتووە ئەبوبەکر بەغدادی کراوەتە ئامانج. کاربەدەستەکە هیچ وردەکاری زیاتری نەداوە. بەڵام ماڵپەڕی نیوزویکی ئەمەریکایی دەڵێت گەورە کاربەدەستێک لە وەزارەتی بەرگری کە ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە بووە و هەروەها کاربەدەستێکی لەشکری پـێیان گوتوون بەغدادی لە پارێزگای ئیدلبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا کراوەتە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنێکی ئێجگار نهێنیدا و زۆر لەو بڕوایەدان کوژرابێت.

بەپـێی ماڵپەڕەکە ماوەی هەفتەیەکە سەرۆک ترامپ لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە ڕازی بووە و دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی نووسی.

ڕاپـۆرتەکان باس لەوە دەکەن ژمارەیەک هەلیکۆپتەری لەشکری ئەمەریکا شەوی شەممە بەسەر ئاسمانی ئیدلیبدا بینراون.

ڕۆژنامەوان کەیتی ولیەمس لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی سەرچاوەیەک پـێی گوتووە پـێدەچێت بەغدادی خۆی تەقاندبێتەوە.

لیز سلای بەرپـرسی ئۆفیسی واشنتن پـۆست لە بەیرووت ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت بەپـێی ڕاپـۆرتەکان تەقەی کاتی ئۆپەراسیۆنەکەیە.

بەپـێی سەرچاوە خۆجێـیەکان ئۆپەراسیۆنەکە کراوەتە سەر بارەگای گروپی ناسراو بە حوراس ئەلدین کە دەکەوێتە نێوان قەلب لۆزە و باریشا لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای ئیدلیب کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دورە.

محەمەد ڕەشید ڕۆژنامەوانی گروپەکانی سەر بە تورکیا چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت شوێنی هێرشەکەی شەوی شەممەیە.

وێنەی سەتەلایتی شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە:

XS
SM
MD
LG