Accessibility links

بڕیارە سەرۆک بایدن پـێشوازی لە سەرۆک وەزیری عێراق بکات


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق کۆدەبێتەوە.

موستەفا ئەلکازمی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتۆتە واشنتن پایتەختی ئەمەریکا بەمەبەستی کۆبوونەوە و وتووێژکردن لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی ئەمەریکادا لەسەر ئەگەر و نەگەری کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەروەهاش دیاریکردنی ئاست و ڕەوشی ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سپی لە نێوەندی ئەو ڕاپۆرتانەدایە کە دەڵێن دەشێت هەردوو وڵات ئامادەبن، تا لە کۆتاییەکانی ئەمساڵی 2021ەدا ڕێکخستنەوەی هێزە سەربازییە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕابگەیەنن.

کازمی بەر لە گەیشتنەکەی ڕۆژی یەکشەممەی بۆ واشنتۆن، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆشێتد پرێس جەختی کردۆتەوە لەوەی وەک دەڵێت "ئەوەی لە مانەوەی ئەمەریکامان دەوێت؛ پشتیوانییە لە هێزە سەربازیەکانمان بۆ مەشق و ڕاهێنان، پەرەپێدانی تواناییەکان و هاوکاریی ئاسایشییە. لەشکر و هێزە ئاسایشییەکانی عێراق لە ئێستادا ئامادەن و لە توانایاندایە بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەوەی ئەمڕۆ پێوتستمانە، پشتیوانی و پەرەپێدانی تواناییەکانمانە و پێویستمان بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە لەسەر خاکی وڵاتەکەمان."

ئەمە دووهەمین سەردانی موستەفا ئەلکازمییە بۆ ئەمەریکا لەوەتای پۆستی سەرەک وزیریی وەرگرتووە.

یەکەم سەردانی کازمی بۆ واشنتن لە مانگی 8ی ساڵی 2020 بوو، وە ڕۆژی 20ی هەمان مانگ لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا کۆبووەوە. ئەو سەردانەیشی بە گرنگ ناودێر دەکرا لەو ڕوانگەیەوەی یەکەم سەردانی گەورە کاربەدەستێکی عێراقی بووە بۆ کۆشکی سپی پاش کوژرانەکەی مانگی یەکی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی، سەرکردەی هێزەکانی قودسی سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
سولەیمانی لە ئاکامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کوژرا کاتێک لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدا دەهاتە دەرێ.

لەناو عێراقدا، داواکان زۆرن بۆ چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و بەتایبەتیش میلیشیاکانی سەر بە ئێران، فشاری زۆر لەم حکومەتەی کازمی دەکەن.

ئەلکازمی دەڵێت "حکومەتی عێراق ڕوانینی تایبەتی خۆیی هەیە، هەوڵەکانی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی عێراقدایە، دانانی وادەیەک بۆ کشانەوە بەپێی پێویستیی وڵاتەکەیە. بە دڵنیاییەوە شەڕی دژی داعش و ئامادەیی هێزەکانمان پێویستی بە خشتەیەکی تایبەتی هەیە بۆ کاتی کشانەوە و ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەو دانوستاندنانەی لە واشنتۆن دەیکەین."

کازمی ڕاشکاوانە دەڵێت هێشتاش عێراق پێویستی بە یارمەتی و کۆمەکی ئەمەریکا هەیە لە ڕووی لەشکرییەوە بۆ مەشق و ڕاهێنان پێکردنی هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکەی و هەروەهاش لە ڕووی کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگریەکانەوە.

جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی لە هەفتەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەکرد کە وتووێژەکانی نێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەکی بونیاتنەر بەڕێوە دەچن و دەشڵێت ئەو شێوازی وتووێژانە بەردەوامیش دەبن، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکرد ئایا سەرۆک بایدن ڕۆژێکی دیاریکراوی داناوە یان ئایا هیچ بەرنامە وپلانێکی هەیە بۆ ڕاگەیاندنی ڕێکخستنەوەی ئەرکی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا.

لە ئێستادا نزیکەی 2500 سەربازی لەشکری ئەمەریکا لە عێراق ماونەتەوە، پاش ئەوەی ساڵی ڕابردوو، دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا. لە کاتی ئەو بڕیارەدا 3 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە عێراق بوون.

ئەم سەردانەی موستەفا ئەلکازمی بۆ واشنتۆن هاوکاتە لەگەڵ پاشەکشە یەک لە دوا یەکەکانی حکومەتی عێراقدا، ئەمەش بۆتە بنکۆڵکردنێکی زۆری متمانەی خەڵک بە حکومەتی عێراق.

هێرشە موشەکییە بەردەوامەکانی میلیشیاکان، تیشکی خستۆتە سەر سنورداریی تواناییەکانی عێراق، ئاگرتێبەربوونی ژمارەیەک نەخۆشخانە هاوکاتی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا، بوونەتە مایەی گیان لەدەستدانی سەدان کەس.

کەمتر لە 3 مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە عێراقدا.

موستەفا ئەلکازمی، پێشتر پەیمانی دابوو بەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات، بکوژانی چالاکوانانیش دەستگیربکات.

چالاکوانانی لە مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختیان دەکرد، لە ئێستادا بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی داهاتوو بکەن.

زۆرینەی چالاکوانان متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەیان نەماوە.

بەڵام سەرەک وەزیری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەی دەکات تا "بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن."

XS
SM
MD
LG