Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕاگەیاندێک لە بارەی هێرشە موشەکیـیەکەی سەر بنکەی ئەسەد بڵاودەکاتەوە


گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بارەی هێرشەکەی سەر بنکەی ئەسەدی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای عێراق ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت لە ئێستادا پەنجەی تاوان بۆ کەس ئاڕاستە ناکەن و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.

جۆن کێربی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیاندنەکەی بڵاوکردەوە و گوتی هێرشەکە بریتی بووە لە نزیکەی 10 موشەک کە لە ڕۆژهەڵاتی بنکەوە بە ئاڕاستەی بنکەکە هەڵدرابوون، وە هیچ سەربازێکی ئەمەریکایی زیانی پـێنەگەیشتووە، بەڵام لە کاتی هێرشەکە بەڵێندەرێکی ئەمەریکایی جەڵتەی دڵ لێی داوە و گیانی لەدەستداوە.

گوتیشی هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق لە شوێنی ڕووداوەکەن و لێکۆڵینەوەی خۆیان دەکەن، وە لە ئێستادا ناتوانین کەس لە هێرشەکە بەرپـرسیار بکەن و هەروەها وێنایەکی تەواویان نیـیە لەسەر ئاستی زیانەکان.

ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی لە پـێشکەشکردنی هەر یارمەتیـیەک عێراقیـیەکان بیانەوێت لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد سیستەمە دژە موشەکیـیەکان و چەکی C-RAM کاری خۆیان لە بنکەکەدا دەکەن.

باسی لەوەشکرد لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری لە هێرشەکە ئاگادارکراوەتەوە و چاودێری دۆخەکە دەکات.

لە لایەکی دیکە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق لە میانەی کۆبوونەوەیەکی لە بارەی هێرشەکە گوتویەتی ئەوانەی ئەو جۆرە هێرشانە ئەنجام دەدەن هیچ ئینتمایەکی ڕاستەقینەیان بۆ عێراق نیـیە، وە هێزە ئاسایشیـیەکان ڕێنمایی ڕوون و ئاشکرایان هەیە کە هەڵوێستی توندیان هەبێت لە بەرامبەر ئەو گروپانە هەبێت.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG