Accessibility links

خانمێکی عێراقی لەسەر هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لەلایەن ئەمەریکاوە خەڵات دەکرێت


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا 12 کەسی لە جیهاندا خەڵاتکردووە لە بەرامبەر ئەو ڕۆڵەی بینیویانە لە وڵاتەکانیاندا بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، لەوانە خانمێکی عێراقی.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندنێکدا ناوی هەر 12 کەسەکەی بڵاوکردووەتەوە لەگەڵ کورتەیەک لەسەر ئەو کارانەی کردوویانە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی.

بەپـێی ڕاگەیاندنەکە، زوحا محەمەد، بەڕێوبەری گشتی دراوە ئەلیکترۆنیـیەکان لە بانکی ناوەندی عێراق، لە ساڵی 2017 وە دەستیکردووە بە دانانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بۆ پـێدانی موچە، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە ساختەکاری لە لیستی موچەخۆراندا. وەزارەتەکە دەڵێت ئەم خانمە ئەم کارە دەکات لە وڵاتێکدا کە بۆی هەیە لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە دروستببێت.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی خەڵاتکردنی ئەم 12 کەسە گوتی " گەندەڵی هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتاندا، وە کۆسپ دەخاتە بەردەم گەشەی ئابوری و هەروەها کاریگەری خراپی بەسەر دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەبێت و متمانە بە کەرتی گشتی ناهێڵێت و ڕێگە خۆشدەکات لە بەردەم ئەنجامدانی تاوان لە ڕێگەی سنوورەکانەوە."

گوتیشی ئەمەریکا لە پـێشەنگی ئەو وڵاتانەدا بووە کە ڕێگریـیان لە تاوانی بەرتیلدان کردووە وە لە ئەنجامی هەوڵەکانی بە یارمەتی هاوپەیمانە بیانیـیەکانی توانیویەتی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 1 ملیار دۆلاری دزراو لە پارەی گشتی بگەڕێنێتەوە.

لەلایەکی دیکە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە پـیرۆزبایی لە خانم زوحا محەمەد کرد بەبۆنەی خەڵاتکردنی لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG