Accessibility links

جەنەڕاڵ ماکێنزی: ئەمەریکا ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق بۆ 3 هەزار کەمدەکاتەوە


فەرماندەی باڵای لەشکری ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق لە 5 هەزارەوە بۆ 3 هەزار سەرباز کەم‌دەکرێنەوە.

جەنەڕاڵ فرانک ماکێنزی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا و بە ئامادەبوونی جومعە عناد وەزیری بەرگری عێراق گوتی هێزە عێراقیـیەکان بەرەوپـێشچوونی گەورەیان بەدەستهێناوە، بۆیە پاش ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، ئەمەریکا بڕیاری دا هەتا کۆتایی مانگی نۆ ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق لە نزیکەی 5200 سەربازەوە بۆ 3 هەزار سەرباز کەمبکاتەوە.

گوتیشی ئەو سەربازانەی دەمێنەوە بەسن بۆ ڕاوێژ و یارمەتیدانی عێراقیـیەکان لە ڕیشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش لە عێراقدا.

جەنەڕاڵ ماکێنزی جەختی کردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارەکانی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە عێراق و سوریا لە دژی داعش و هەروەها درێژە دەدەن بەو بەرنامانەی تواناکانی هێزە عێراقیـیەکان زیاتر دەکەن بە شێوەیەک لەشکری ئەمەریکا بتوانێت ژمارەی سەربازەکانی لەو وڵاتە کەمبکاتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هێشتا کاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێن.

ئەمە یەکەم جارە لە پاش ساڵی 2016 ئەمەریکا ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق وەها کەمبکاتەوە.

سەرۆک ترامپ مانگی ڕابردوو لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق لە کۆشکی سپی ئاماژەی کرد بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

XS
SM
MD
LG