ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی پـێنجشەممەی داناوە بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی حکومەتی پـێشنیارکراو لەلایەن محەمەد عەلـلاوی ڕاسپـێردراو بە پـێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیانێکدا گوتی کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆی پـێنجشەممە دانیشتنێکی تایبەت ئەنجام دەدرێت بۆ دەنگدان لەسەر پـێدانی متمانە بە حکومەتی نوێ.
داواشی لە محەمەد عەلـلاوی کرد کارنامەی وەزارەتەکان و پـرۆفایلی کاندیدەکان ڕەوانەی پەرلەمان بکات بەر لە ڕۆژی دەنگدانەکە.
بەپـێی ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس، حەسەن ئەلکەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە لە هاوبەندی سائرونی سەر بە موقتەدا سەدرە، داوایکردبوو ئەمڕۆ دانیشتنەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام محەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵیدا نەبووە و داوایکردووە بخرێتە ڕۆژێکی دیکە.
لە لایەکی دیکە مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد عەلـلاوی ئەنجام دا و لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" خۆشحاڵم بە وتووێژکردن لەگەڵ محەمەد عەلـلاوی ڕاسپـێردراو بۆ پـۆستی سەرۆک وەزیری نوێ. دەستخۆشیم لێکرد لە بەرامبەر بەڵێنەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پـێش وەخت. سەرلەنوێ وابەستەیـیمان بە عێراق دووپاتکردەوە، داوامکرد کۆتایی بە توندوتیژی بهێنرێت و بەرپـرسیارێتی لە ئەستۆبگیرێت و ڕێوشوێنی بە پەلە بگیرێنەبەر بۆ جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی خۆپـیشاندەران."
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لای خۆیەوە ڕاگەیاندنێکی مۆرگن ئۆرتێگەس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە مایک پەمپـێیۆ داوای لە عەلـلاوی کردووە چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ ڕێبەرانی سیاسی کورد و سووننە بکات تاوەکو سەرکەوتنی حکومەتەکەی مسۆگەرببێت.