Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: لەگەڵ عێراقیـیەکان لە بارەی کشانەوەی هێزەکان وتووێژ ناکەین


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت لە ئێستادا هەر شاندێک ڕەوانەی عێراق بکات تەنیا بۆ وتووێژکردنە لەسەر چۆنیەتی باشکردنی پەیوەندی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵاتە، نەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا.

مۆرگن ئۆرتێگەس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا گوتیشی ئەمەریکا هێزێکە بۆ هەمیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە. بوونی لەشکری ئەمەریکا لە عێراق بۆ بەرداومبوونە لە شەڕی دژی داعش وەک مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوە گوتویەتی. ئەمەریکا پابەندە بە پاراستنی ئەمەریکایـیەکان، عێراقیـیەکان و هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانێتی. ئەرکی ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعش لە عێراق هیچ گومانی لەسەر نیـیە.

خانم ئۆرتێگەسگوتیشی"لەم کاتەدا، هەر شاندێک ڕەوانەی عێراق بکرێت، تەنیا بۆ وتووێژکردنە لەسەر ئەوەی چۆن بە باشترین شێوە پابەندبینەوە بە پەیوەندی ستراتیژی نێوانمان، نەک بۆ وتووێژکردن لەسەر کشانەوەی هێزەکان، بەڵکو مافی خۆمانە هێزی گونجاو بین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمڕۆ شاندێکی ناتۆ لە وەزارەتی دەرەوەیە بۆ وتووێژکردن لەبارەی زیادکردنی ڕۆڵی ناتۆ لە عێراق، ئەمەش لەسەر خواستی سەرۆک ترامپ بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان لە هەموو هەوڵەکانی بەرگری گشتمان."

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە گوتیشی پـێویستە وتووێژ لە نێوان ئەمەریکا و حکومەتی عێراق ئەنجام بدرێت نەک تەنیا سەبارەت بە ئاسایش، بەڵکو لە بارەی دارایی و ئابوری و پەیوەندی دیپـلۆماسیش. ئەمەریکا دەیەوێت دۆست و هاوبەشی عێراقێکی سەروەر و گەشەدار و سەقامگیر بێت.

جێی ئاماژەیە ئەم ڕاگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوە پاش ڕاگەیاندنەکەی ئۆفیسی سەرۆک وەزیری عێراق هات کە تیایدا نووسراوە عادل عەبدولمەهدی داوای لە مایک پەمپـێیۆ کردووە نوێنەری خۆیان ڕەوانەی عێراق بکەن بە مەبەستی دانانی میکانیزمێک بۆ کشانەوەی هێزەکان.

XS
SM
MD
LG