Accessibility links

ئەمەریکا سزای 4 عێراقی دەدات لەسەر پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی


حکومەتی ئەمەریکا سزای سەپاندە سەر 4 عێراقی کە سیانیان فەرماندەی ملیشیاکانی سەر بە ئێرانن، ئەوانەی دەستیان هەیە لە کوشتنی دەیان کەسی بێتاوان لە میانەی خۆپـیشاندانەکانی ئەم دوایـیانە و چەندان تاوانی دیکە لە پـێشتردا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت هەریەک لە قەیس خەزعەلی ڕێبەری گروپی ناسراو بە عەسائیب ئەهل ئەلحەق و براکەی لەیث خەزعەلی و حسێن فالح عەزیز ئەللامی ناسراو بە ئەبو زەینەب ئەللامی بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشدی شەعبی، سەروەت و سامانیان لە ئەمەریکا سڕدەکرێن.

بەپـێی ڕاگەیاندنەکە چەکدارانی گروپی عەسائیب ئەهل ئەلحەقی قەیس خەزعەلی لە خۆپـیشاندانەکانی ئەم دوایـیانەی عێراق تەقەیان لە خۆپـیشاندەران کردووە و لێـیان کوشتوون. لەیث خەزعەلی فەرماندەیەکی دیکەی هەمان گروپە و لە نێو ئەو کۆمیتەیەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر سەرکوتکردنی خۆپـیشاندەران بە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژی تاوەکو خەڵکی چاوترسێن بکەن.

هەروەها لە کۆتایی ساڵی 2015 ئەم گروپەی سەر بە ئێران هەستاوە بە ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی خەڵکی سووننە لە پارێزگای دیالە بە ئامانجی نەهێشتنیان لەو پارێزگایەدا.

جگە لەمانە، ئەم دوو برایە ڕۆڵیان هەبووە لەو هێرشەی مانگی یەکی ساڵی 2007 کرایە سەر بینایەکی حکومی لە کەربەلا و لە ئەنجامدا 5 سەربازی ئەمەریکایی کوژران و 3 ی دیکە برینداربوون.

حسێن ئەللامی، ئەویش یەکێکە لە فەرماندەی ملیشیاکانی سەر بە ئێران و لەلایەن سەرکردە لەشکریـیەکانەوە ڕاسپـێردراوە خۆپـیشاندەران سەرکوتبکات. ناوبراو بەرپرسبووە لە کوشتنی خەڵکی لە بەغدا و فەرمانی بە ملیشیاکان کردووە تەقە لە خۆپـیشاندەران بکەن. سەرئەنجام دەیان کەس لە خۆپـیشاندەران کوژراون.

کەسی چوارەم کە سزادراوە، خەمیس فەرحان ئەلخەنجەر ئەلعیساوی، کاردارێکی ملیۆنێری کەندەڵە و لە ڕێگەی بەرتیلدانەوە دەسەڵاتێکی بۆخۆی دروستکردووە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.

مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پاش ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی خەزێنە گوتی" ئەمڕۆ، بەڵێنەکانمان دەبەینەسەر بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتە یاسایـیەکانمان بۆ سزادانی عێراقیـیە گەندەڵەکانی سەروەت و سامانی گشتی وڵاتەکەیان دەدزن و خۆپـیشاندەرانی ئاشتیخواز دەکەنە ئامانج. دەبێت ڕێبەرانی سیاسی و کاربەدەستانی حکومەت، عێراق لە پـێش خۆیانەوە دابنێن."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئەوانەی دەستیان هەیە لە پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا.

XS
SM
MD
LG