وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای سەپاندە سەر 4 عێراقی بەهۆی پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانی گەندەڵی.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی هەریەک لە ڕەیان ئەلکلدانی و وەعەد قەدۆ کە فەرماندەی حەشدی شەعبین و نەوفەل حەمادی سوڵتان پارێزگاری پشووی موسڵ و ئەحمەد جبوری پارێزگاری پـێشووی سەڵاحەدین بەپـێی یاسای Magnitsky ی جیهانی بۆ لێپـێچینەوە لە پـێشێلکارانی مافی مرۆڤ و گەندەڵکاران سزادەدرێن.
خانم سیگال ماندێلکەر، یاریدەدەری وەزیری خەزێنە بۆ کاروباری هەواڵگری تێرۆرزم و دارایی گوتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێوشوێنی پـێویست لە دژی ئەم 4 کەسە دەگرێتەبەر کە لە عێراق مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکردووە یان گەندەڵیان کردووە.
گوتیشی بەردەوام دەبن لە سزادانی ئەو کەسانەی دەستیان هەیە لە پـێشێلکاریـیە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە ستمکاری بەرامبەر کەمینە ئاینیـیەکان و هەروەها بەرپـرسە گەندەڵەکانی پـۆستەکانیان دەقۆزنەوە لەسەر حسابی هاوڵاتیانیان.
جێی ئاماژەیە ڕەیان ئەلکلدانی کە فەرماندەی لیوای 50 ی حەشدی شەعبیـیە، لە مانگی پـێنجی ساڵی ڕابردوو ڤیدیۆیەکی بڵاوبوویەوە کە تیایدا گوێی کەسێکی دەستگیرکراو دەبڕێتەوە.
وەعد قەدۆ فەرماندەی لیوای 30 حەشدی شەعبیـیە. دەڵێن هێزەکەی ئەویش چەندان تاوانیان ئەنجامداوە، لەوانە دزی و دەستدرێژی سێکسی لەسەر هاوڵاتیان.