Accessibility links

عێراق هەواڵی کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق پشـتڕاست دەکاتەوە

  • VOA News

دەمڕاستێکی حکومەتی عێراق هەواڵی کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا پشتڕاست دەکاتەوە.

سەعد ئەلحەدیثی، لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس ئاماژەی بەوە کردووە دەستپێکردنی کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا دوابەدوای ڕاگەیاندنی بەغدا بووە بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوە تێرۆریستیەکەی دەوڵەتی ئیسلامی.

ئەلحەدیثی دەڵێت شەڕی دژی داعش کۆتایی پێهاتووە، هەربۆیەشە ڕێژەی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا کەم دەبێتەوە و هەروەها دەشڵێت لە ئێستادا کشانەوەکە لە قۆناغە بەراییەکانیدایە و بە مانای کشانەوەی تەواوەتی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا نییە .

لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 دا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستیکرد بە هێرشی ئاسمانی لە عێراقدا بۆسەر مۆڵگاکانی داعش و دواتریش پاڵپشتێکی سەرەکی سەرکەوتنەکانی هێزە سەربازییەکانی عێراق بووە لەوانە کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، دووهەم گەورەترین شاری عێراق.

کۆنتراکتەرە ڕۆژئاواییەکانیش لە بنکەی هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا دەڵێن سەربازە ئەمەریکییەکان و چەک و کەرەستە و کەلوپەلە لەشکرییەکانی ئەمەریکا گواستراونەتەوە بۆ ئەفغانستان، وە دەشڵێن ماوەی هەفتەیەکە ڕۆژانە دەیان سەربازی ئەمەریکی گواستراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG