Accessibility links

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەڵێت ئەگەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دوابخرێن ئەوا پـێشینەیەکی مەترسیداردەبێت


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بەیانـنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا پشتیوانی وڵاتەکەی ڕادەگەیەنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتیـیەکانی عێراق لە کاتی خۆیدا لە 12 ی مانگی پـێنجی 2018.

باڵیۆزخانەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی " حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنە نیشتیمانیـیەکانی عێراق لە مانگی پـێنجی 2018 ئەنجام بدرێن، ئەمەش بەپـێی دەستوری عێراق. دواخستنی هەڵبژاردنەکان پـێشینەیەکی مەترسیدارە و دەبێتە مایەی لاوازی لە پابەندبوون بە دەستور و بۆ ئایندەیەکی دوریش زیان بە پەرەپـێدانی دیموکراسی لە عێراقدا دەگەیەنێت."

پاشان دەڵێت ئەمەریکا بۆ ئەم مەبەستە یارمەتی دەدات لەوەی مسۆگەربکرێت نزیکەی ئەو 2.6 ملیۆن ئاوارەیەی هێشتا بۆ ناوچەکانیان نەگەڕاونەتەوە لەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا بدەن و دەنگەکانیان هەژماردەبکرێن. هاوکات ئاژانسی ئەمەریکایی بۆ گەشەپـێدانی نێودەوڵەتیUSAID بەشداری دەکات لە ڕاهێنانی گروپە خۆجێـیەکانی کۆمەڵی سیڤیلی لەسەر چۆنیەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و لەگەڵ ئەوەشدا 6 ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی کە شارەزایـیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دابین دەکات.

دەشڵێت ئەم ڕاوێژکارانە یارمەتی کۆمسیۆن دەدەن لە بەهێزکردنی سیستمی هەڵبژاردن و فەرمانبەرەکان و شێوازی کارکردنیان بەم ڕێگایەنەی خوارەوە:

  • بوار بە عێراقیـیە ئاوارەکانی ناوخۆ بدرێت لەوەی دەنگ بدەن، ئەمەش لە ڕێگەی سەنگی خستنە سەر تۆمارکردنی دەنگدەران و مسۆگەرکردنی کارایی سیستمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی.
  • بەهێزکردنی توانای بەڕێوەبەرایەتیـیەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکاندا، ئەمەش تاوەکو پشـتیوانی لە پـرۆسەی دەنگدان بکرێت لەو ناوچانەی لەم دوایـیانە ڕزگارکراون.
  • یارمەتیدانی دەستەی نوێی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە دانانی شێوازی کۆتایی پـلانی هەڵبژاردنەکان لە مانگی پـێنجی 2018 .

لە کۆتایی بەیانـنامەکە باڵیۆزخانەکە دەڵێت، پـشتیوانیکردن لە دامودەزگا دیموکراسـیەکانی عێراق بەشێکی سەرەکیـیە لە وابەستەیی بەردەوامی ئەمەریکا بە عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتی گەشاوە و یەکگرتوو.عێراقیـیەکان لە ڕێگەی بە جێگەیاندنی مافە دەسـتوریـیەکانیان لە دەنگدان، حکومەتی خۆیان هەڵدەبژێرن بە پـرۆسەیەکی ئاشتیانە لە بری توندوتیژی.

XS
SM
MD
LG