Accessibility links

ئەمەریکا 600 سەربازی دیکە ڕەوانەی عێراق دەکات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی 600 سەربازی دیکە ڕەوانەی عێراق دەکات تاوەکو یارمەتی هێزەکانی عێراق بدەن لە ڕزگارکردنی شاری موسڵ.

ئاشتن کارتەر دوێنێ چوارشەممە لە شاری ئەلبوکێرکی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ ئەمەی بۆ پەیامنێران ڕاگەیاند و گوتی ئەرکی ئەم سەربازانە مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان دەبێت لەگەڵ کاری ڕاوێژکاری و پـێشکەشکردنی زانیاری و پاڵپشـتی لۆجستی.

جەختی لەوەش کرد ڕۆڵی سەرەکی ئەم هێزە یارمەتیدانی هێزە ئاسایشیـیەکان عێراق و پـێشمەرگە دەبێت لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری موسڵ لە داعش.

جێف دەیڤس گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ژمارەی تەواوی سەربازەکانی بۆ میدیاکان ئاشکراکرد و گوتی 615 سەربازن و بە خێرایی لە ماوەی چەند هەفتەیەک ڕەوانەدەکرێن، بەمەش ژمارەی سەربازانی ئەمەریکایی لە عێراق دەگاتە 5262 سەرباز کە لە ژێر فەرمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش کاردەکەن.

لە لایەکی دیکە ئۆفیسی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ڕایگەیاند بە مەبەستی ڕزگارکردنی شاری موسڵ حکومەتی عێراق داوای لە ئەمەریکا کردووە سەربازی زیاتر ڕەوانەی عێراق بکات.

گوتیشی ئەرکی ئەو هێزانە تەنها ڕاهێنان و ڕاوێژکاری دەبێت و ئەوانەی ناوچەکان لە داعش ڕزگاردەکەن تەنها هێزە عێراقیـیەکان دەبن. جەختی لەوەش کرد کە لە پاش ڕزگارکردنی شاری موسڵ ڕاستەوخۆ ژمارەی سەربازە بیانیـیەکان لە وڵاتەکە کەم دەکرێنەوە.

XS
SM
MD
LG