Accessibility links

زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق


نوێترین هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە عێراق کە ئامانج لێیان بۆردومانکردنی ئەو گروپە چەکدارییانەیە کە بەرپرس بوون لە نزیکەی 170 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، وادیارە بوونەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان واشنتن و بەغداد.

بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنەکانی ئەمەریکا، هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی هەینی سێ شوێنییان لە عێراق و شوێنێکییان لە سوریا کردبووە ئامانج. هێرشەکان بوونە هۆی لە ناوبردنی زیاتر لە 80 ئامانج، لە ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵ و سەرکردایەتی و هەواڵگرییەوە بۆ دامەزراوە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی ژمارەیەکی نادیاریکراو لە ئەندامانی گروپە چەکدارییەکان کوژراون یاخود بریندار بوون، بەڵام کوژرانی بەرپرسانی ئێرانی یاخود سەربازانی ئێرانی بە دوورزانی.

بەڵام لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ئەمەریکا داکۆکییان لەو هێرشانە کرد کە وەکو وەڵامێک بوون بۆ کوژرانی سێ سەربازیی لە بنکەیەک لە ئوردن، بەرپرسانی عێراق توڕەیی خۆیان دەربڕیوە و بانگی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان کردووە لە بەغداد، ئەوەش بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و دەڵێن هەندێک لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بەشێک بوون لە هێزەکانی ئاسایشی حکومەت.

بەرپرسانی عێراق دەڵێن بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەمەریکاوە، عێراق پێشوەخت ئاگادار نەکراوەتەوە لە هێرشەکان.

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دانی بەوەدانا کە عێراق هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێنەدراوە و دەبووایە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا کتوپڕ بوونایە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڤیدانت پاتێل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەوە تێگەیشتبوون کە وەڵامێک دەبێت دوای کوژرانی سەربازەکانمان."

وتی " بۆ وەڵامەکەی ڕۆژی هەینیش، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی نەبووە. دەستبەجێ دوای ڕوودانی هێرشە ئاسمانییەکان عێراقییەکانمان ئاگادار کردەوە."

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پات ڕایدەر وتی " لە کاتێکدا کە ئەم هێرشە ئاسمانییانە ئەنجام دەدەین، زۆر سەنگمان خستووەتە سەر ئەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات. ئەوە سەنگی ئێمەیە، سەنگی ئێمە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاسایشی عێراق نیە، یاخود ئەو سەربازانەی کە بەشێکن لە هێزی ئاسایشی ڕەوای عێراقی. ئێمە هێرش دەکەینە سەر ئەو گروپە تیرۆریستییانەی کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت."

ڕایدەر وتیشی تاوەکو ئێستا ئەمەریکا هیچ پلانێکی نیە بۆ هەڵمەتێکی سەربازیی درێژخایەن دژی گروپە چەکدارییەکان لە عێراق و سوریادا.

گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق سەبارەت بە کەمکردنەوەی بوونی هێزی ئەمەریکا لە عێراق و گۆڕینی ئەرکەکەیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە بۆ پەیوەندییە سەربازیی، بەهۆی هێرشەکانەوە ئاڵۆز بووە.

بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکایان وت دوابەدوای هێرشەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژی هەینیدا، لانیکەم سێ هێرشی دیکە هەبوون لەلایەن ئەو گروپە چەکدارییانەوە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات لە عێراق و سوریادا.

بەرپرسەکان وتییان نوێترینییان ڕۆژی دووشەممە بووە، کاتێک ڕۆکێتێک ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان کرا لە بنکەی فوڕات لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە.

بەڵام ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکدا کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە سوریا کردە ئامانج، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت، هێرشەکە ئامانجەکەی پێکا.

بەرپرسان وتییان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە بنکەیەکی داوە لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە نزیک دەیرەزوورەوە، چەندین قوربانی لە نێو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا لێکەوتووەتەوە.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات فەرهاد شامی وتی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا شەش ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژراون.

بنکەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەوێتە نزیک پێگەیەکی ئەمەریکاوە کە بە گوندی سەوز ناسراوە.

ڕۆژی هەینیش ئەمەریکا هێرشێکی پشتڕاست کردەوە کە لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام درابوو، لە هێرشەکەدا چەندین ڕۆکێت ئاڕاستەی بنکەی فوڕاتی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان کرابوون. هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

سێ هێرشەکە یەکەمین هێرش بوون لە دوای هێرشەکانی درەنگانێکی ڕۆژی هەینی ئەمەریکاوە کە 85 ئامانجی لە حەوت شوێنی عێراق و سوریادا پێکا.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی لە هێرشەکانی ئەمەریکادا لانیکەم 29 چەکداری گروپە چەکدارییەکان لە سوریا کوژراون، بەرپرسانی عێراقیش وتییان لانیکەم 16 چەکداری گروپە چەکدارییەکان کوژراون و 36 ی دیکە بریندار بوون.

نوێکردنەوەی هێرشەکان لەلایەن گروپە چەکدارییەکانەوە لە کاتێکدایە کە حوسییەکانی یەمەن کە بە هەمان شێوە ئێران پشتیوانییان لێدەکات بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە بازرگانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا. ئەمەش سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی شەممەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کە ئەمەریکا و بەڕیتانیا ڕابەرایەتی دەکەن.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان زیانی بە کەشتییەک گەیاند لە دەریای سووردا.

هێرشەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات سوپای ئەمەریکا وتی هێرشێکی بۆ بەرگریکردن لە خۆی ئەنجام داوە دژی ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە ناوچەکەدا وتی هێرشە ئاسمانییەکان دوو کەشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان کردووەتە ئامانج کە " مەترسییەکی دەستبەجێ بوون بۆ سەر هێزی دەریایی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا."

ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا هێرشی کردە سەر موشەکە کروزەکانی حوسییەکان، ڕۆژی شەممەش ئەمەریکا و بەڕیتانیا لە لانیکەم 36 ئامانجی حوسییەکانییاندا لە یەمەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG