Accessibility links

سەردانەکەی سەرۆک وەزیری عێراق بۆ ئەمەریکا


سەرۆک وەزیری عێراق و شاندی یاوەری بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە ئەمەریکا بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی یارمەتیدانی عێراق تاوەکو بەسەر کێشەکانی زاڵبێت.

مستەفا کازمی بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی عێراق پاش نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە گەیشتە فڕۆکەخانەیەکی نزیک واشنتنی پایتەخت و لەوێوەوە بەرەو شوێنی حەوانەوەیان بران.

شاندەکەی کازمی پـێکهاتووە لە ژمارەیەک وەزیر و کاربەدەستی باڵا، لەوانە وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە، وەزیری نەوت، وەزیری کارەبا.

بەپـێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەرنامەی کۆبوونەوەکانی شاندی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتووێژی دووەمی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن ئەنجام بدرێت. وتووێژی یەکەم بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە مانگی شەش لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجام درا.

بەشێکی کۆبوونەوەکانیش تایبەت دەبن بە کێشە ئابوریـیەکانی عێراق و کەرتی وزە.

ڕۆژی پـێنجشەممەش مستەفا کازمی دەگاتە کۆشکی سپی و لەوێ لەلایەن سەرۆک ترامپەوە پـێشوازی لێدەکرێت. چاوەڕوان‌دەکرێت لە پاش کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەن.

ئەمەریکا خوازیارە عێراق بەسەر کێشە ئابوری و سیاسیـیەکانی زاڵبێت و بتوانێت هەژموونی ئێران لە عێراقدا نەهێڵێت.

XS
SM
MD
LG