Accessibility links

سەرۆک ترامپ: پەیوەندیـیەکی زۆر باشمان لەگەڵ کورددا هەیە


سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە پـێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق کرد لە کۆشکی سپی و بەر لە کۆبوونەوەکەیان لێدوانیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دا.

سەرۆک ترامپ لە وەڵامی پـرسیارێک سەبارەت بە ڕۆڵی کورد لە عێراق و گرنگی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گوتی کورد زۆر یارمەتی داون لە شکستهێنان بە داعش وە پەیوەندیـیەکی زۆرباشیان لەگەڵ کورددا هەیە و هەروەها زۆر بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون.

سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پـرسیار لە سەرۆک وەزیری عێراق و سەرۆکی ئەمەریکا کرا، سەرۆک ترامپ گوتی پەیوەندیـیەکی زۆر باشی لەگەڵ تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە و ئامادەیە لە بارەی ئەو هێرشانەوە قسەی لەگەڵدا بکات.

کازمی لای خۆیەوە گوتی ئەو هێرشانە جێی قبوڵ نیـیە، بەڵام دەستوری عێراقیش ڕێگە نادات لە خاکەکەیەوە هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ. گوتیشی لەگەڵ تورکەکاندا وتووێژیان هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکە.

پاشان پـرسیار لە سەرۆک ترامپ کرا سەبارەت بە کاتی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەویش داوای لە مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوە کرد وەڵامبداتەوە. پەمپـێیۆ گوتی هەر کە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا تەواوبوو لە عێراق، ئەوا ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا بە خێرایی لەو وڵاتە کەمدەکرێتەوە. گوتیشی لەگەڵ عێراقیـیەکان بۆ ئەم مەبەستە کاردەکەن.

دواتر سەرۆک ترامپ سوریای بە نمونە هێنایەوە کە لە ئێستادا ژمارەیەکی کەمی سەربازانی ئەمەریکایی لێـیە، گوتی تەنیا نەوتەکەیان بەدەستەوە ماوەتەوە و لەگەڵ کوردەکاندا کاردەکەن لەسەر جۆرە سەودایەک لەبارەیەوە. گوتیشی" بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سنووری نێوان تورکیا و سوریا بڕیارێکی دوروستبووە و ئێستا دوو ساڵ بەسەر ئەو کشانەوەیە تێپەڕیوە و کەس نەکوژراوە."

XS
SM
MD
LG