Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ستایشی ئازایەتی هێزەکانی عێراق و پـێشمەرگە و سوریای دیموکرات دەکات


بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی لەناوبردنی خەلافەتەکەی داعش، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ستایشی ئازایەتی و قوربانی هێزەکانی عێراق و پـێشمەرگە و سوریای دیموکراتی کرد.

ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنەکەیدا نووسیویەتی:

"دوو ساڵ لەمەوبەر هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە توانیان تەواوی ئەو خاکە ڕزگاربکەن کە داعش لە عێراق و سوریا کۆنترۆڵی‌کردبوون، ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە لە هەوڵەکانی دەدرێن بۆ مسۆگەرکردنی شکستی بەردەوامی ئەم گروپە تێرۆرستە. ستایشی هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق و پـێشمەرگەی کوردی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەین بۆ ئەو ئازایەتی و قوربانیـیەی لە شەڕی سەختی دژی داعشدا داویانە. ئێمە شان‌بەشانی ئەم هێزە هاوبەشانە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ هێشتنەوەی فشارەکان لەسەر پاشماوەکانی داعش.

لەوەتای شکست بە خەلافەتی درۆ و ساختەی داعش هێنراوە، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کە پـێکهاتووە لە 83 ئەندام، بەردەوامبووە لە هەوڵەکانی بۆ لەکارخستنی تواناکانی داعش لە خۆڕێکخستنەوە، دانانی پـلانی هێرشکردن، خەڵکی بە داعشکردن و هاندانی توندوتیژی لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە. ڕێبەرە سەرەکیـیەکانی داعشمان نەهێشت و بەردەوام دەبین لە نەهێشتنی ئەوانەشی ماونەتەوە هەتا چیتر سەرهەڵنەدەنەوە و هەروەها ڕاپـێچی بەردەم دادگایان بکەین. نزیکەی 8 ملیۆن کەس گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، وە بە یارمەتی پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری ئەو خەڵکە سەرلەنوێ دەستیانکردووەتەوە بە ژیان و گوزەرانی خۆیان.

هەرچەندە ڕزگارکردنی ناوچەکان لە عێراق و سوریا وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە شەڕی دژی داعش، بەڵام هێشتا ئەرکەکەمان زۆری ماوە هەتا بە کۆتایی بگات. هێشتا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە یەکگرتوویی ماوەتەوە و سوورە لەسەر لەناوبردنی ئەم دوژمنە، وە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لە دژی ئەم گروپە لە عێراق و سوریا و وڵاتانی دیکە. ئەمەریکا بە توندی پابەندە بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و بە ئەرکی شکستهێنانی بەردەوام بە داعش."

جێی ئاماژەیە لە ڕۆژی وەک ئەمڕۆدا و لە 23 مانگی سێی ساڵی 2019 ، هێزەکانی سوریای دیموکرات ناوچەی باغۆزی ڕۆژهەڵاتی سوریایان لە داعش ڕزگارکرد کە دوایـین ناوچەی خەلافەتی داعش بوو.

XS
SM
MD
LG