Accessibility links

هاوپەیمانان: شەڕی نێوان هێزە عێراقی و کوردیـیەکان کۆسپی لەبەردەم شەڕی دژی داعش دروستکردووە


گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش دەڵێت شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەتی عێراق و کورد کۆسپی لە بەردەم گواستنەوەی کەل‌وپەلە لەشکریـیەکان هاوپەیمانان لە نێوان سوریا و عێراق دروستکردووە، ئەمەش کاریگەریـیەکی نەرێنی بەسەر شەڕی دژی داعش هەیە.

کۆلۆنێل ڕایان دیلۆن ئەمڕۆ پـێنجشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی ڕاگەیاند "ئەو شەڕە بە شێویەکی نەرێنیانە کاری کردووەتە سەر هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی داعش و بە تایبەتی لەسەر ئەرکی گواستنەوەی ئامێر و کەل‌وپەلە لەشکریـیەکان بۆ هاوبەشەکانمان لە عێراق و سوریا."

ئەمەریکا دەروازەی سێمێلکا بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی یارمەتیـیە لەشکریـیەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە ئێستادا لە ناوچەکانی دێرزور لە ئۆپەراسیۆندان لە دژی داعش، ئەمەش لە پاش ئەوەی تەواوی شاری ڕەققەیان ڕزگارکرد.

شەوی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات گوندی ئەلبەیازەیان لە داعش ڕزگارکرد کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری دێرزورەوە دورە. ئەحمەد ئەبو خەولە سەرۆکی ئەنجومەنی لەشکری دێرزور خەڵکی ئەو گوندەیە.

XS
SM
MD
LG