Accessibility links

ڕۆیتەرز: ئەمەریکا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کۆنترۆڵی گروپە چەکدارە شیعەکان بکات


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاسایشی عێراقیـیەوە بڵاویکردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانەی سەردانەکەی ئەم دوایـیەی بۆ عێراق داوای لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کردووە کۆنترۆڵی گروپە چەکدارە شیعەکانی وڵاتەکەیان بکەن، ئەوانەی لە لایەن ئێرانەوە پـشتیوانی دەکرێن.

سەرچاوەکان گوتوویانە مایک پەمپـێیۆ هەفتەی ڕابردوو لە میانەی سەردانە لەناکاوەکەی بۆ بەغدا ئەم داوایەی کردووە لە پاش زانیاریـیە هەواڵگریـیەکانی ئەمەریکا کە ئاشکرایان کردووە گروپی شیعەی چەکداری سەر بە ئێران موشەکیان لە نزیک بنکەیەکی لەشکری ئەمەریکا داناوە.

دەڵێن پەمپـێیۆ داوای لە فەرماندە لەشکریـیەکانی عێراق کردووە ئەو گروپانە کۆنترۆڵبکەن کە هەتا دێت و هەژمونیان لە ناو عێراقدا زیادەکات پاش ئەوەی بوونەتە بەشێک لە هێزی ئاسایشی وڵاتەکە. گوتوشیەتی ئەگەربێت و ئەوان ئەو کارە نەکەن، ئەوا ئەمەریکا بە هێز وەڵام دەداتەوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت سەرچاوەیەکیان کە کەسێکی باڵای لەشکری عێراقە و ئاگاداری وردەکاری سەردانەکەی پەمپـێیۆیە، گوتویەتی"پەیامەکەی ئەمەریکا ڕوونە، داوایانکردووە عێراق مسۆگەری بکات کە دەتوانێت ڕێگە لەو گروپانە بگرێت لەوەی هەڕەشە لە بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا نەکەن."

سەرچاوەکە گوتوشیەتی"گوتویانە ئەگەربێت و ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق ڕووبەڕووی هێرش ببێت، ئەوا ئەمەریکا بۆ بەرگریکردن لە خۆی وەڵام دەداتەوە بەبێ ئەوەی پـرس بە عێراق بکات."

سەرچاوە ئاسایشیـیەکەی دیکە گوتویەتی ئەمەریکایـیەکان پەیوەندیـیان بەر گوێ کەوتووە یان بەرچاو کەوتووە کە جموجۆڵی گوماناوی هەندێک گروپی چەکداری ئاشکراکردووە، ئەمەش لە لایەن ئەمەریکایـیەکانەوە بە کارێکی ئیستفزازی دادەنرێت. سەرچاوەکە گوتوشیەتی عێراقیـیەکان ئاگادارکراونەتەوە هەر هەڕەشەیەک لەلایەن ئەو گروپانەوە هەبێت ئەوا ڕاستەوخۆ ئەمەریکایـیەکان بە هێز مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

جێی ئاماژەیە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری عێراق ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکەی گوتی لایەنی عێراقی هیچ جموجوڵێکی بەدی نەکردووە کە جێی هەڕەشەبێت بۆ سەر هیچ لایەنێک. گوتیشی بۆ ئەمەریکایـیەکانیان ڕوونکردووەتەوە حکومەتی عێراق بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت لە پاراستنی هەموو لایەنەکان.

XS
SM
MD
LG