Accessibility links

پەمپـێیۆ لە میانەی سەردانەکەی بۆ عێراق جەخت لەسەر سەلامەتی ئەمەریکایـیەکان لەو وڵاتە دەکاتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای عێراق کۆبووەوە و جەختی کردەوە کە دەبێت حکومەتی عێراق سەلامەتی ئەمەریکایـیەکان و هاوپەیمانان لە وڵاتەکەیدا مسۆگەربکات، ئەمەش پاش ئەو هەواڵانەی باس لە هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئەمەریکایـیەکان دەکەن.

مایک پەمپـێیۆ شەوی سێشەممە بە سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا و لەوێ لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری عێراق و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار کۆبووەوە.

پەمپـێیۆ لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق، بە ڕۆژنامەوانانی گوت"وتووێژمان لەگەڵدا کردن سەبارەت بە گرنگی ئەوەی عێراق مسۆگەری بکات کە لە توانایدایە ئەمەریکایـیەکان بە شێوەیەکی گونجاو لە وڵاتەکەیاندا بپارێزن."

گوتیشی عێراقییـەکانیان ئاگادارکردووەتەوە لەو مەترسیانەی بەدیـیانکردوون، ئەمەش تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەرانە هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەیان بپارێزن.

لە وەڵامی پـرسیاری ڕۆژنامەوانان سەبارەت بە ڕەوانەکردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکەی بۆمب هاوێژ بۆ ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی واشنتن دەیەوێت بەرگری لە بەرژەوەندیـیەکانی خۆی بکات لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و مسۆگەری بکات هێزی تەواوی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە لە ناوچەکەدا هەیە.

گوتیشی پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایان بۆ ئێرانیـیەکان ناردووە کە وەهایان لێدەکات لە جیاتی جارێک دوو جار بیربکەنەوە لە مەسەلەی شیانی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد زانیاریـیە هەواڵگریـیەکانی ئەمەریکا زۆر وردن سەبارەت بە شیانی هێرش لە دژی بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا.

پاشان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی نووسی" سەردانی عێراقم کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیر عادل عەبدولمەهدی و سەرۆک بەرهەم ساڵح کۆبوومەوە بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوانمان، وە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی پـێویستە عێراق شوێنە دیپـلۆماسیـیەکان و کەسانی هاوپەیمانان بپارێزێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان یارمەتی هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق دەدەن لە مسۆگەرکردنی ئەوەی داعش بە شکستخواردوویی دەمێنێتەوە."

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراق لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی عادل عەبدولمەهدی لە میانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پەمپـێیۆ جەختی کردووەتەوە سەر ئەوەی ئەمەریکا هاوبەشێکی ستراتیژی گرنگی عێراقە وە عێراق بەردەوامە لەسەر سیاسەتی هاوسەنگی کە پردی هاوکاری و دۆستانە دروستدەکات لەگەڵ هەموو دۆستانی و دراوسێکانی، لەوانە ئێرانی دراوسێ.

عەبدولمەهدی گوتوشیەتی پـێویستە هەموو ناکۆکیـیەکان لە ڕێگەی وتووێژی ڕاستەقینە چارسەربکرێن وە عێراق ببێتە ئەو شوێنەی هەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە، نەک ببێتە شوێنی شەڕ و ناکۆکی.

ئۆفیسەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد پـێشتر هەردوو ڕۆژی شەممە و دووشەممە عادل عەبدولمەهدی و پەمپـێیۆ پەیوەندی تەلەفۆنیـیان ئەنجام دابوو.

سەرۆک کۆماری عێراقیش لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی میوانداری وەزیر پەمپێـیۆی کردووە و لەگەڵیدا وتووێژی ئەنجامداوە سەبارەت بە پەیوەندی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا، وە پتەوکردنی سەرکەوتنی دژی داعش لە ڕێگەی بوژاندنەوەی ئابوری و هاوکاری هەرێمی.

هەروەها نووسیویەتی بەرژەوەندی نیشتمانی عێراق وەها دەخوازێت پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ هەموو دراوسێـیەکانی بەهێزبکات، نەک ببێتە ناوچەیەکی شەڕ و پـێکدادان.

هاوکاتی ئەم سەردانەی پەمپـێیۆ بۆ عێراق، لەشکری ئەمەریکا کەشتی فڕۆکەهەڵگریUSS Abraham Lincoln و کۆمەڵە کەشتی یاوەری لەگەڵ ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمب هاوێژ ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

XS
SM
MD
LG