Accessibility links

مۆڵەتی سێ مانگە بە عێڕاق بۆ کڕینی کارەبا و گاز لە ئێران


ڕێک پێری، وەزیری وزەی ئەمەریکا
ڕێک پێری، وەزیری وزەی ئەمەریکا

پچڕانی بەردەوامی کارەبا لە هەندێک لە ناوچەکانی عێڕاق لە هاوینی ئەمساڵ یەکێک لە هۆیەکانی وەڕێخستنی خۆپێشاندانەکان لە بەرامبەر حکومەتدابوون.

ئاژانسی هەواڵنێری فەڕانسە دەڵیت بە گوێرەی گوتەی کاربەدەستێکی حکومەتی عێڕاق ئەو وڵاتە سێ مانگی دیکە ماوەی لە ئەمەریکا وەرگرتوە بۆ ئەوەی کارەبا و گاز لە ئێران ڕا هاوردە بکات و لە ئەو ماوەیەدا جێگرەوەیەک بۆ دابینکردنی وزەی خۆی بدۆزێتەوە.

حەوتوی ڕابردوو سەرۆک وەزیری عێراق گوتی شاندایک بۆ گفت و گۆ سەبارەت بە ئەم بابەتە ڕەوانەی واشنگتن کرابوو.

عێڕاق پێشتر ماوەی ٤٥ ڕۆژی لە ئەمەریکا وەرگرتبوو کە هەر چەند گەمارۆ بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەستی پێکراوە، کڕینی گاز و کارەبا لە ئێران درێژەپێبدات.

ڕیک پێری وەزیری وزەی ئەمەریکا پێشتر لە ماوەی سەردانی بۆ بەغدا، داوای لە عێڕاق کردبوو کۆتایی بە پاڵپشتی خۆی بە کارەبا و گازی ئێران بهێنێت و کەرتی وزەی وڵاتەکەی لە سەر بناخەی سەرمایەگوزاری ئەمەریکا دەست پێبکات.

وەزیری وزەی ئەمەریکا گوتبووی: "کاتی ئەوە هاتوە عێڕاق کۆتایی بە وابەستەیی خۆی بە ولاتانی تر بێنێت، کە مەبەستیان باڵادەستی و کونتڕۆڵ کردنە. ئەمەریکا و عێڕاق دەتوانن پێکەوە پێشەسازی نەوت، گاز و ئاوی عێڕاق پەرەپێبدەن."

وەک ئاژانسی فەڕانسە دەنووسێت، عێڕاق ڕۆژانە ١٣٠٠ مێگاوات کارەبا و ٢٨ ملیۆن متری چوارگۆشەی گاز لە ئێران هاوردە دەکات.

سەرۆک تڕامپ دەوری شەش مانگ پێش لە گەڵ ڕاگەیاندنی هاتنەدەری ئەمەریکا لە ڕێکەوتنی ناوکی لە گەڵ ئێران، فەرمانیدا گەمارۆکانی ناوکی لە ماوەی دوو خۆڵی ٩٠ ڕۆژە و ١٧٠ ڕۆژەدا بە سەر ئێراندا بسەپێنرێنەوە.

قوناخی دووهەمی ئەو گەمارۆیانە کە ماوەیەک پێش دەستی پێکرد، پێشەسازی، پێترۆشیمی، نەوت و گاز، کەشتیڕانی، بانک و بیمە و ناوەندەکانی دارایی دەگرێتەوە.

لە گەڵ دەستپێکی قۆناخی دووهەمی گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، هەشت ولات بۆ ماوەی کاتی گەمارۆکانی نەوتی ئێران ئەوانی نەگرتەوە.

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هۆی ئەوەیە کە وڵاتانی وەک ئیتالیا، تایوان، تورکیا، ژاپۆن، چین، کوریای باشور،هێند و یونان لە گەمارۆی نەوتی ئێران دەرهاویشران، کۆمەککردن بە سەقامگیری لە بازاڕی نەوتی جیهانە.

XS
SM
MD
LG