Accessibility links

ئەمەریکا یارمەتی بەسڕە دەدات لە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوی خاوێن


باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق پـلانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوی خاوێن لە پارێزگای بەسڕەی باشوری عێراقدا.

باڵیۆز دۆگلاس سیلیمان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێکی ڤیدیۆیـیدا گوتی کۆمەک و یارمەتی پـێشکەشی عێراق دەکەن تاوەکو کێشەی ئاوی بەسڕە چارەسەربکات.

پـلانەکەی ئەمەریکا لە دوو بەش پـێکهاتووە، بەشێکی چارەسەرێکی بەپەلەیە و بریتـیە لە دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ 750 هەزار کەس لە دانیشتوانی بەسڕە و هەروەها ئاوی خواردنەوە بۆ 50 هەزار منداڵ لە خوێندنگەکانی ئەو پارێزگایە. بەشی دووەم چارەسەری درێژدەم لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆنگرەیەک سەبارەت بە ئاو و هێنانی شارەزایەکی ناسراو لە بواری ئاو بۆ عێراق تاوەکو ئامۆژگاری حکومەتی پارێزگای بەسڕە بکات و دابینکردنی 3.5 ملیۆن دۆلار بۆ ڕاهێنانی فەرمانبەرانی وەزارەتی سامانە سروشتیـیەکان.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندنەکەی باڵیۆز دۆگلاس سیلیمان:

"السلام علیکم

من دۆگلاس سیلیمانم باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق.

بە درێژایی چەند مانگی ڕابردوو، خەڵکی بەسڕە بە ڕوون و ئاشکرایی داواکاری خۆیان دەربڕی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، وە ئێمە لە ڕێگای کونسوڵخانەکەمانەوە لە بەسڕە گوێبیستی داواکاریـیەکانیان بووین.

ئێمە یارمەتی حکومەتی عێراق دەدەین تاوەکو بە شێوەیەکی باشتر خزمەتگوزاریـیە سەرەکیـیەکان دابینبکات، لەوانە ئاوی خاوێن.

لەم هەفتەیەوە و لە چەند مانگی داهاتوو کۆمەکەکانی لەلایەن ئەمەریکاوە پـێشکەش دەکرێن یارمەتی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی بەسڕە دەدەن لە ماوەیەکی کورتدا وەڵامدانەوەیان هەبێت بۆ پـێداویستیـیە بە پەلەکان. هەروەها یارمەتی هەردوو حکومەت دەدەن لە دانانی پـلانێکی درێژدەم.

بەڵام لە کۆتایشدا، ئەرکی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتەکانی پارێزگاکانە سەرمایە دابینبکەن و چاکسازی پـێویست بکەن تاوەکو خزمەتگوزاریـیەکان بە شێوەیەکی باشتر بۆ خەڵک دابینبکرێن.

ئەمە ئەوەیە ئێستا ئەمەریکا دەیکات بۆ یارمەتیدانی بەسڕە.

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپـێدانی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف کاردەکەن بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ 750 هەزار لە دانیشتوانی بەسڕە، بە ناوچەکانی ئەلڕبات و ئەلجوبەیلە و ئەلموەحەد و ئەلهارثە و بە درێژایی شەتولعەرەب.

بە کۆمەکەکانی ئەمەریکا ترومپای ئاو دەکڕدرێن و دەبەسترێن، وە یارمەتی دەدرێت لە نۆژەنکردنەوەی وێستگەی خاوێنکردنی ئاو. وە کە ساڵی نوێی خوێندنیش لە 1 ی مانگی دەوە دەستیپـێدەکات، کۆمەکەکانمان یارمەتی یونیسێف دەدەن لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ 50 هەزار منداڵ لە خوێندنگا گشتیـیەکانی بەسڕە لەو ناوچانەی زۆرتر لە بەردەم مەترسیدان.

ئەمە هەوڵێکی هەمەلایەنە دەبێت بە ڕێبەرایەتی حکومەتی عێراق، وە بە هاوبەشی ئەمەریکا و یونیسێف و کۆمەڵی نێودەوڵەتی.

بۆ دڵنیابوون لەوەی حکومەتەکەتان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە باشترین شێوە هەماهەنگی دەکەن بۆ دابینکردنی پـێداویستیـیەکانی بەسڕە، ئێمە یارمەتی دەدەین لە ڕێکخستنی کۆنگرەیەک سەبارەت بە ئاو بە سەرپەرشتی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران. کۆنگرەکە وەزارەتەکانی عێراق و پارێزگای بەسڕە و وڵات و ڕێکخراوی جیاواز کۆدەکاتەوە تاوەکو پـرۆژە بە پەلەکان دەسـتنیشانبکەن.

هەروەها ئەمەریکا شارەزایەکی ناسراو لە بواری ئاو دەهێنێت بۆ عێراق تاوەکو ئامۆژگاری حکومەتی پارێزگای بەسڕە بکات لە پـرۆژە گرنگەکان و دەستنیشانکردن ڕێوشوێنە هەرە گرنگەکانی پـێویستن بگرێنەبەر بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو و هەروەها خێراکردن لە کڕینی ئەو ئامێرانەی پـێویستن لەلایەن حکومەتەوە بکڕدرێن.

بۆ پشتیوانی زیاتری ئێمە بۆ خەڵکی بەسڕە و هەموو عێراق، ئەمەریکا هەڵدەستێت بە ڕاهێنانی فەرمانبەرانی وەزارەتی سەرچاوە ئاویـیەکان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمی ئاو.

دۆستان، بە تایبەتی دۆستانمان لە بەسڕە، دەمەوێت بزانن کە خەڵکی ئەمەریکا لە پاڵتاندایە. ئامانجمان یارمەتیدانی حکومەتەکانتانە لە فیدراڵ و پارێزگاکان لەوەی بە شێوەیەکی باشتر پـێداویستیـیەکانی کۆمەڵگە و خێزانەکانتان دابینبکەن. داوا لە هەموو دۆست و دراوسێکانی عێراق دەکەین بێنە پاڵمانەوە بۆ ئەنجامدانی هەمان کار."

ڕاگەیاندنی دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق
please wait

No media source currently available

0:00 0:03:50 0:00

XS
SM
MD
LG