محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و پشتیوانیی تاران لە گرووپە چەکدارە ناوچەییەکان و پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕەتکردەوە.
زەریف ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی یەک لە کۆبوونەوەی داڤۆسدا هەواڵەکانی سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕەتکردەوە و وتی "ئەگەر ئێران بەڕاستی هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدایە، ئەوا زۆر لەمەوبەر ئەو کارەی دەکرد. چەکی ئەتۆمی لە تاقیگە نهێنییەکان دروست دەکرێت نەک لەو دامەزراوانەی ژێر چاودێری نێودەوڵەتی. بۆچی ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، پێشوازییان لە رێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 نەکرد کە لانیکەم 15 ساڵ تارانی لەچەکی ئەتۆمی دوور دەخستەوە."
زەریف هەروەها وتی "دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی، توانا ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی زیادی کرد."
جێگری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی وتیشی ئێران هیوادارە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ " ژیری " هەڵبژێرێت لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
زەریف لە کۆڕبەندەکەدا لە سویسرا وتی ئێران مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان دروست نەکردووە.
وتی " هیوادارم ئەمجارە، ' ترامپی 2 ' جددیتر و واقیعانەتر بێت."
هاوکات ڕێکخراوی ئەمەریکایی "هاوپەیمانی دژی ئێرانێکی ئەتۆمی" ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا هەنگاوی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بۆ پێدانی دەرفەت بە محەمەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ستراتژیکی شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند نابێت زەریف لە شاری داڤۆس لە سویسرا دەرفەتی بۆ قسەکردن پێبدرێت.
مارک واڵاس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی هاوپەیمانی دژ بە ئێرانێکی ئەتۆمی ڕایگەیاند "زەریف کە وەک پڕوپاگەندەکاری سەرەکی بۆ کردەوە شەڕانگێزانە و تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی کاری کردووە، لەژێر سزاکانی حکومەتی ئەمریکادایە. ناوبراو لە مێژە هاوکاری لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کردووە کە لەلایەن ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکراوە و ئەو کار بۆ "پەردەپۆشکردنی" پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە."
لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سزا توندەکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بەسەر تاراندا، ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتەکەیدا بەرامبەر ئێران کە بە " ئەوپەڕی فشار " ناویبردووە.
لە وەڵامی ئەوەدا تاران بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا پشتگوێ خست، یەکێک لەو پێشێلکارییانەش خێراکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بوو.
سەرۆک ترامپ بەڵێنیداوە بگەڕێتەوە سەر سیاسەتی " ئەوپەڕی فشار " دژی ئێران، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵیدا لە ڕێی ئەو سیاسەتەوە زیان بە ئابووری ئێران بگەیەنێت تاوەکو ناچاری بکات لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و موشەکە باڵیستیکییەکانی و چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا گفتوگۆ بکات.
لە ئێستادا سەرکردەکانی ئێران نیگەرانن لەوەی سەرۆک ترامپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دەسەڵات بدات بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو تاوەکو لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات، لە هەمان کاتدا توندکردنەوەی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر پیشەسازی نەوتی ئێران.
ئەو نیگەرانییانە، لەگەڵ زیادبوونی توڕەیی خەڵکەکە لە ناوخۆی ئێراندا لەسەر قەیرانە ئابوورییەکەی وڵاتەکە، ڕەنگە تاران ناچار بکات بەرەو گفتوگۆکردن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپدا بڕوات، لەسەر چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە زۆر بە خێرایی پەرەدەسەنێت.
سەرچاوە/ بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە