Accessibility links

بۆنەیەک لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ئێران


ڕێکخراوی کۆمەڵگاکانی ئەمەریکی و ئێرانی OIAC بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ئەندامی لە 41 ویلایەتدا ،لە ڕۆژی چوارشەممەد، میوانداری کۆبوونەوەیەکیان بە شێوەی ئۆن لاین ئەنجامدا بۆ ناساندنی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری لەسەر هەڵوێستیان بەرامبەر بە داڵدەدانی ئێران بۆ تیرور ، پێشێلکارییەکانی بۆ مافەکان ، پشتیوانیان بۆ ڕاپەڕینی گەلی ئێران و هەروەها ئێرانێکی ئازاد، لە هەمان کاتدا بەرزکردنەوەی هوشیاری گشتی لەمەر ڕۆڵی مەترسیداری ئێران لە ناوخۆ و لە دەرەوەدا.

لە 11 ی مانگی دووی ساڵی 2021 دا ، 112 ئەندامی هەردوو پارتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ، بە هاودەنگی سپۆنسەری بەرنووسی بڕیاری H.Res.118 کرد بۆ" دەربڕینی پشتگیری بۆ خواستی خەڵکی ئێران بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک ، سیکیولار و بێ چەکی ناوکی و ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و داڵدەدانی تیرۆر لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ". هەروەها ئەو بەرنووسە ئاماژە بە سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕژێم بۆ جودابیران و دەستدرێژییەکانی ڕژێم بۆ ئیمتیازاتی دیپلۆماسی دەکات لەپێناو بەرفراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی .

ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەمەریکی ئێرانی OIAC دەستخۆشی لە ئەندامانی هەردوو پارتی کۆنگرێس کرد ، کە 24 ئەندامیان لە بۆنەکەدا وتەیان پێشکەشکرد و پشتیوانیان بۆ بەرنووسی بڕیارەکە دووپاتکردەوە،بۆ دیاریکردنی خەتەرناکی ڕژێمی ئێران کە لە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران(H.Res 118) ئێچ ئاڕ ئێس118دا خراوەتە ڕوو.

شایەنی باسە لە 4 مانگی دووی ساڵی2021 دا دادگایەک لە بەلجیکا دیپلۆماتێکی ئێرانی تاوانبارکرد بە تاوانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی هەواڵگری بۆ چەندین ساڵ لە سەرتاسەری ئەوروپادا و دامەزراندنی تۆڕێک لە بەکرێگیراوانی تیرۆر لە چەندین وڵاتدا و پیلانگێڕان بۆ ئەنجامدانی کوشتنکاری بە کۆمەڵ لە گردبونەوەیەکی کۆمەڵێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە فەڕەنسا ، و بە 20 ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
بەڵگەنامەکانی دادگا ئەوەیان دەرخست ئەو پیلانگێڕییە لەلایەن رێبەرایەتی رژێمی ئێران پلان بۆ داڕێژرابوو و پەسەندکرابوو، لەوانە لەلایەن ڕێبەری ئێران عەلی خامەنەیی و سەرۆک کۆمار حەسەن ڕوحانی. ئەو بۆنەیە هەزاران کەس لە ئێرانییە ئەمەریکاییەکان و هەروەها بەرپرسانی پێشووی حکومەت لە دەیان وڵات و لە هەموو کیشوەرەکان بەشداریان تیاکردبوو.
جێی وتنە هەروەها لە پرۆژە یاساکەدا ئاماژە بە سەرکوتکردنی هەڕەمەکی و دڕندانەی رژێمی ئێران بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و "کەمایەتییە نەژادییەکان، لەوانە کوردی ئێران، بەلووچ و عەرەب، هەروەها کەمینە ئایینییەکانی وەک مەسیحی، جوو، بەهاییەکان، زەردەشتییەکان و تەنانەت موسوڵمانە سوننەکانیش کراوە. بەرنووسی بڕیارەکە هەروەها ئاماژە بە بەرنووسی بڕیارەکانی ئێچ ئاڕ 4744 و ئێچ ئاڕ ئێس 752 دەکات، هەروەها راپۆرتەکانی دەزگای لێبوردنی نێودەوڵەتی کە داوای لە ئەمەریکا کردووە''مەحکومکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ئێران لە دژی جودابیران، لەوانە کوشتنکاری بەکۆمەل لە ساڵی 1988 و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە سیاسییەکان" لە ساڵی 1999، 2009، 2009، 2017، 2018، هەروەها بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی بۆ کوشتنی زیاتر لە 1500 کەس لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی سەر ئاستی نیشتمانی لە ئێران لە ساڵانی 1999، 2019، 2018.
بەرنووسی بڕیاری118ی ئەنجومەنی نوێنەران کە تا ئێستا لەلایەن 150 ئەندامی کۆنگرێسەوە پشتیوانی کراوە ، لەلایەن ئەندامی کۆنگرێس تۆم مککلینتۆک نوێنەری کۆماری ویلایەتی کالیفورنیا و ئەندامی کۆنگرێس براد شێرمان نوێنەری دیموکراتی ویلایەتی کالیفورنیاوە ڕابەرایەتی کراوە.

XS
SM
MD
LG