Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر ڕژێمی ئێراندا دەسەپـێنێت


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر دامودەزگاکانی ڕژێمی ئێران سەپاند و ئەم جارە گروپـێکی کردووەتە ئامانج کە لە توێژینەوەکانی دروستکردنی چەکی کیمیایی کاردەکات.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا کە لینکەکەی لەسەر تویتەرەکەی داناوە دەڵێت گروپی"شەهید میسامی" و سەرۆکی گروپەکە مێهران بابری سزا بەسەریاندا دەسەپـێنرێت بەهۆی بەشداریـیان لە توێژینەوەکانی تایبەت بە دروستکردنی چەکی کیمیایی.

ستیف منوخن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لەم بارەیەوە گوتویەتی دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەیەکە بۆ سەر دراوسێکانی و تەواوی جیهان، بۆیە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی کە لەوانەیە ڕژێمی ئێران یان ئەو گروپانەی بە وەکالەت کاری بۆ دەکەن بەکاری بهێنن.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەشڵێت گروپی ناسراو بە شەهید میسامی سەر بە دەزگای توێژینەوە و داهێنانی بەرگری ئێرانە کە بە فارسی پێی دەگوترێت " سازمان پژوهش‌های نوین دفاعی" یان کورتکراوەکەی "سازمان سپند". ئەم گروپە بە ملیۆنان دۆلاری بۆ تەرخانکردەکرێت تاوەکو بۆ توێژینەوە و بەرهەمهێنانی کەرەستە کیمیایـیەکان خەرجی بکات.

ئەمەریکا لە مێژەوە مەترسی هەیە ئێران بە نهێنی بەرنامەی چەکی کیمیایی هەبێت.

XS
SM
MD
LG