Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وەڵامی قسەکانی خامەنەیی دەداتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وەڵامی قسەکانی عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای ئێران دەداتەوە کە تیایاندا ڕەخنەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا گرتبوو.

مایک پەمپـێیۆ لە وەڵامدانەوەی بۆ خامەنەیی نووسیویەتی "خامەنەیی، خۆت سەدان ملیۆن دۆلارت لە میلـلەتەکەی خۆتت دزیوە. هەڵبژاردنەکانت گاڵتەجاڕیـین، ڕێگەتان نەداوە سەدان کەس تەنیا خۆیان کاندید بکەن. ئەمڕۆ میلـلەتەکەت لە برسا دەمرێت چونکە بە ملیاران دۆلار لە شەڕەکانی بە وەکالەت خەرج دەکەیت تەنیا بۆ ئەوەی حوکمڕانی چەتەسالاری خۆت بپارێزیت."

خامەنەیی لە پاش ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە"دۆخەکە لە ئەمەریکا و ئەوەی خۆیان لە بارەی هەڵبژاردنەکانیانەوە دەیڵێن دیمەنێکە! ئەمە نمونەیەکی ڕووی قێزەوەنی دیموکراسی لیبراڵیـیە لە ئەمەریکا. ئەنجامەکان هەرچیـیەک بن، یەک شت بە تەواوی ڕوون و ئاشکرایە، ئەویش دابەزینی ئاستی سیاسی و سیڤیلی و ئەخلاقی ڕژێمی ئەمەریکایە."

ئەم ڕەخنانەی خامەنەیی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە کاتێکدایە بەشێکی زۆری کۆمەڵی نێودەوڵەتی بڕوای بە هەڵبژاردنەکانی ئێران نیـیە، بەو پـێـیەی کاندیدەکان ئەگەر کەسانی سەر بە ڕژێمەکە نەبن، ئەوا ڕێگەیان پـێنادرێت خۆیان کاندید بکەن. هەروەها چەندان جار سکاڵای ئەوە کراوە کە لە ئێراندا یاری بە ئەنجامەکانیش دەکرێن. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 چاوەڕوان‌دەکرا میر حوسەین موسەویی یان مەهدی کەڕووبی براوە بن، بەڵام مەحمود ئەحمەدی‌نەژاد بە براوە ڕاگەیەندرا، ئەمەش ناڕەزایی زۆری شەقامی ئێرانی لێکەوتەوە و دەیان هەزار کەس ڕژانە سەر شەقام و جادەکانی ئێران. ڕژێمی ئێران بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕوویان بووەیەوە و دەیانی لێکوشتن و سەدانی لێبریندارکردن و هەزارانیشی لێ‌دەستگیرکردن. پاشان هەر یەک لە میر حوسەین موسەویی و مەهدی کەڕووبی کە بەشێکیش بوون لە خودی ڕژێمی ئێران لە ماڵەکانیان دەستبەسەرکران. بەپـێی ڕاپـۆرتەکانی لە ئێرانەوە دەهاتن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکرا بەشێکی زۆری دەستگیرکراوەکان لە نێو زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدران و تەنانەت باس لە دەستدرێژی سێکی بۆ سەریان دەکرا.

XS
SM
MD
LG