Accessibility links

لەسەر کوشتنی خۆپـیشاندەران ئەمەریکا سزا بەسەر ئەفسەرێکی ئێرانی دەسەپـێنێت


گەورە دیپـلۆماتی ئەمەریکا بۆ بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران دەڵێت وڵاتەکەی سزای سەپاندووە بەسەر ئەفسەرێکی ئێرانی کە بەرپـرسە لە کوشتنی 148 کەس لە ناوچەی ماهشەهری باشوری ڕۆژئاوای ئێران.

برایان هوک ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی دەرەوە گوتی مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوە بەردەوام ئەو بەڵێنەی دووپاتکردووەتەوە کە ڕژێمی ئێران سزا دەدرێت لەسەر پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ ئێرانیـیەکاندا. بۆیە ئەمڕۆ حەسەن شاهوارپـور جەنەڕاڵی سوپای پاسداران، سزاکانی ڤیزەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای بەسەردا دەسەپـێنرێت، چونکە مافەکانی مرۆڤی پـێشێلکردووە و تاوانی گەورەی دژی خۆپـیشاندەران ئەنجامداوە.

هوک هەروەها گوتی ناوبراو لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو فەرماندەی ئەو یەکەیە بووە کە لە ناوچەی ماهشەهر(مەعشور بە عەرەبی) بەرپـرس بووە لە سەرکوتکردنی خۆپـیشاندەران کە بەهۆیانەوە148 کەسی بێ تاوان کوژران.

گوتیشی بڕیاری سەپاندنی ئەم سزایانە لەسەر ڕۆشنایی ئەو زانیاریـیانەیە کە ئێرانیـیەکان داویانە بە وەزارەتی دەرەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد زیاتر لە 88 هەزار زانیاریـیان لەلایەن ئێرانیـیەکانەوە پـێگەیشتووە سەبارەت بە سەرکەوتکردنی خۆپـیشاندەران.

لە 16 ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو، خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە ماهشەهری زۆرینە عەرەب دەستیپـێکرد لە بەرامبەر بەرزی ڕێژەی بێکاری لە ناوچەکەیان، بەڵام لە پاش دوو ڕۆژ ڕژێم هێزی لە دژیان بەکارهێنا. دوای کوشتنی دەیان کەس و بریندارکردنی دەیان کەسی دیکە کۆتایی بە خۆپـیشاندانەکان هێنا.

XS
SM
MD
LG