Accessibility links

سەرۆک ترامپ سزای نوێی لە دژی ئێران ڕاگەیاند


سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی سزای نوێی سەپاندووەتە سەر بانکی ناوەندی ئێران و سندوقی نیشتمانی ئەو وڵاتە بۆ پەرەپـێدان کە وەک واشنتن دەڵێت بۆ دابینکردنی پارە بۆ تێرۆرزم بەکاردەهێنرێن.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سپی ئەمەی بۆ میدیاکان ڕاگەیاند و گوتی ئەو سزا قورسانەی لە ئێستادا سەپێندراونەتە سەر ئێران هەتا ئێستا بەسەر هیچ وڵاتێکی دیکەدا نەسەپێنراون.

ستیفن منوخن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا کە لە پاڵ سەرۆک ترامپ ڕاوەستابوو، ئەویش گوتی دوایین سەرچاوە بۆ بانکی ناوەندی ئێران و سندوقی نیشتمانی ئێران بۆ پەرەپـێدان لەلایەن سیستەمی بانکی ئەمەریکاوە دەبڕدرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە هیچ پارەیەک نامێنێت بە دەستی سوپای پاسداران بگات تاوەکو لە تێرۆردا بەکاریبهێنێت.

هاوکات وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕاگەیاندنێکی لە بارەی ئەم سزا نوێـیانە بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە، سزاکانی ئەمڕۆ سەپێندراون سەرچاوەی سەرەکی دارایی هێزی قودسی سوپای پاسداران و حزبوڵڵا و حوثیـیەکان دەکاتە ئامانج.

سزاکان بانکی ناوەندی ئێران و سندوقی نیشتمانی ئێران و کۆمپانیای "ئیعتمادی تیجارتێ فارس" دەگرێتەوە.

وەزارەتەکە دەڵێت بانکی ناوەندی ئێران بە ملیاران دۆلاری داوە بە حزبوڵڵا و سوپای پاسداران، بە تایبەتی هێزی قودس.

سندوقی نیشتمانی ئێران بۆ پەرەپـێدان ئەویش کە لە لایەن سەرۆکی ئێران و وەزیری نەوت و سەرۆکی بانکی ناوەندی سەرپەرشتی دەکرێت، سەرچاوەی سەرەکی پارەی بیانی بووە بۆ سوپای پاسداران و وەزارەتی بەرگری ئێران و کارە لۆجستیـیەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران.

کۆمپانی "ئیعتمادی تیجارتێ فارس" کە بارەگاکەی لە ئێرانە، بەکاردەهێنرێت بۆ شاردنەوەی حەواڵە دارایـیەکانی دەکرێن بۆ کڕینی پـێداویستیـیە لەشکریـیەکان، لە نێویاندا ئەو حەواڵانەی دەکرێن لە لایەن سندوقی نیشتمانی ئێران بۆ پەرەپـێدان.

پاشان وەزارەتەکە نووسیویەتی "ئەو هێرشە قێزەوەنەی کراوەتە سەر عەرەبستانی سعودیـیە جێی قبوڵ نیـیە."

ئەمەریکا دەڵێت ئێران بەرپـرسە لەو هێرشەی هەفتەی ڕابردوو کرایە سەر دەزگا نەوتیـیەکانی سعودیـیە.

XS
SM
MD
LG