Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر تۆڕێک کە دەستی هەیە لە بەقاچاغبردنی نەوتی ئێران


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای سەپاندە سەر تۆڕێکی گەورەی کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی کە دەستی هەیە لە بە قاچاغبردنی نەوت لە ڕێگەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵاوە بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.

وەزارەتی خەزێنە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی ئەو تۆڕە قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودس بەڕێوەی دەبات و ڕۆستەم قاسمی وەزیری پـێشووی نەوتی ئێران سەرپەرشتی دەکات.

دەڵێت تۆڕەکە بریتیـیە لە 16 کۆمپانیا و 10 کەس و 11 کەشتی نەوتبەر کە لە هندستان و لوبنان و سنگاپـور و ئیمارات و کەناڵی سویس و ناوچەی دیکە هەن.

ژمارەیەک ئەندامی حزبوڵڵا لە نێو تۆڕەکەدان، لەوانە محەمەد بەزال و شەمسوڵڵا ئەسەدی و محەمەد ئەلقەسیر، عەلی ئەلقەسیر کە ئەم دووانە بە بڕبڕەی تۆڕەکە دادەنرێن.

لە نێو کۆمپانیاکانیش، کۆمەڵەی بازرگانی مەهدی هەیە کە بارەگاکەی لە هندستانە و عەلی زوهێر سەرۆکایەتی دەکات. ئەم تۆەڕ لە ئەمساڵدا بە بەهای نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار نەوتی بە ڕژێمی ئەسەد فرۆشتووە.

برایەن هوک نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ مەسەلەکانی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی هێزی قودس جموجۆڵی نهێنی ئەنجام دەدات بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێرانی. گوتیشی ئێران هەوڵی داوە نەوت ڕەوانە بکات بە ناوی ئەوەی نەوتی عێراقە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە نیازە 15 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات بدات بە هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر تۆڕەکانی بە قاچاغبردنی نەوتی ئێران.

XS
SM
MD
LG