Accessibility links

لەشکری ئەمەریکا: ئەو مینەی لە هێرشی سەر کەشتیە ژاپـۆنیـیەکە بەکارهاتبوو لە مینی ئێرانی دەچێت


لەشکری ئەمەریکا دەڵێت ئەو هێرشەی هەفتەی ڕابردوو کرایە سەر کەشتیـیەکی گواستنەوەی سووتەمەنی ژاپـۆنی لە کەنداوی عومان لە ئەنجامی مینێکی دەریایی بووە و لەوانەی ئێران دەچێت.

شان کیدۆ فەرماندە لە هێزی دەریایی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بنکەیەکی هێزی دەریایی لە نزیک بەندەری فوجەیرەی ئیمارات گوتیشی مینەکە هەتا ڕادەیەکی زۆر لەو مینە ئێرانیـیانە دەچێت کە لە نمایشە لەشکریـیەکانی ئێراندا بینراون.

هەروەها گوتی بەپـێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەو زیانانەی بەر کەشتیەکە کەوتوون لە ئەنجامی لکاندنی مینەکە بە کەشتیـیەکەوە بووە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد مینەکەی تەقیوەتەوە لەسەر ئاوەکە بووە و پـێناچێت ئامانج لێی نوقمکردنی کەشتیـیەکە بووبێت. باسی لەوەش کرد مینێکی دیکە بە کەشتیـیەکەوە کرابوو و هێزێکی ئێرانی بەسەر بەلەمێکی خێراوە لێیانکردووەتەوە بەر لەوەی بتەقێتەوە.

فەرماندەکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە درێژەی لێدوانەکانی بۆ ڕۆژنامەوانان گوتیشی بەڵگەیان لە شوێنی تەقینەوەکە کۆکردووەتەوە، لەوانە شوێن پەنجە و موگناتیزێک لە پاشماوەی مینەکە. گوتی دەکرێت ئەم بەڵگانە لە کەیسێکی تاوانکاری بەکاربهێنرێن.

جێی ئاماژەیە پـێنجشەممەی ڕابردوو ئەم کەشتیـیە ژاپـۆنیـیە لەگەڵ کەشتیـیەکی نەرویژ لە کەنداوی عومان بە تەقەمەنی زیانیان پـێگەیشت. پـێشتر باس لەوە دەکرا بە تۆربید لە کەشتیەکیان درابێت. هیچ کەسێک بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG