Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئێران هێرشی سەر دوو کەشتیـیەکەی ئەنجامداوە


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئێران ئەو هێرشەی ئەنجامداوە کە دوێنێ پـێنجشەممە کرایە سەر دوو کەشتی گواستنەوەی سووتەمەنی لە کەنداوی عومان.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکایی گوتی ئێران هێرشەکەی ئەنجامداوە و بەڵگەش ئەو ڤیدیۆیەیە کە نیشانی دەدات ئێرانیـیەکان مینێک لە نزیک یەکێک لە کەشتیـیەکان هەڵدگرنەوە. گوتیشی پـێدەچێت ئەو مینەیان بۆیە هەڵگرتووەتەوە تاوەکو هیچ بەڵگەیەک بە دوای خۆیاندا جێنەهێڵن.

سەرۆک ترامپ لە درێژەی وتووێژەکە گوتی ڕووداوەکە بە جدی وەردەگرن و ڕێگە نادەن کەنداوی عومان دابخرێت و تەنانەت ئەگەر داشبخرێت ئەوا درێژە ناکێشێت.

ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتی براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا گرت لە بەرامبەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێراندا و گوتی بەهۆی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەوە ئێران کە وڵاتی تێرۆرە ملیاران دۆلاری دەستکەوتووە.

دوێنێ پـێنجشەممە دوو کەشتی کە یەکێکیان نەرویژیـیە و ئەوی دیکەیان ژاپـۆنی، لە کەنداوی عومان لێدران. فەرماندەیی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت بەلەمێکی سوپای پاسدارانی ئێرانە مینێک لە نزیک یەکێک لە کەشتیـیەکان هەڵدەگرێتەوە.

XS
SM
MD
LG