Accessibility links

جەنەڕاڵێکی ئەمەریکایی: پـێدەچێت ئێران پاشگەزبووبێتەوە


فەرماندەی باڵای لەشکری ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت پـێدەچێت ئێران لە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەمەریکایـیەکان پاشگەزبووبێتەوە پاش ئەوەی هێزی زیاتری لەشکری ئەمەریکا بۆ ناوچەی کەنداوی فارس ڕەوانەکران.

جەنەڕاڵ فرانک ماکێنزی دوێنێ پـێنجشەممە لە چاوپـێکەوتنێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک پەیامنێر کە لە کەنداو یاوەری دەکەن، گوتیشی بەڵام هێشتا زووە بە دڵنیایـیەوە بڵێین ئێران دەسـتبەرداری پلانەکانی بووە بۆ شیانی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

گوتیشی زانیاریـیە هەواڵگیریـیەکان سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران لە سەرەتاکانی مانگی پـێنجدا بەدەستیان گەیشتووە، وە ئەو زانیاریـیانە زۆر ڕوون و جێی بڕوان وەک ئەوانەی بۆ چەندان ساڵە پـێیان گەیشتووە. باسی لەوەش کرد کە ناتوانێت وردەکاری زیاتر بدات بەهۆی نهێنی زانیاریـیەکانەوە.

جەنەڕاڵ فرانک ماکێنزی لە درێژەی لێدوانەکانیدا گوتیشی خودی خۆی لە 5 ی مانگی پـێنجدا پـێشنیاری کردبوو هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە ڕەوانەبکرێن، نەک کۆشکی سپی. جەختی کردەوە کە نەکەوتووەتە ژێر هیچ فشارێکی سیاسی تاوەکو ئەو داوایە بکات.

گوتیشی پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا، داوایکردووە کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئێبراهام لینکن و 4 فڕۆکەی بۆمب‌هاوێژی B-52 و سیستەمی بەرگری موشەکی جۆری پاتریۆت ڕەوانەی ناوچەکە بکرێن.

جێی ئاماژەیە جەنەڕاڵ فرانک ماکێنزی تەمەن 61 ساڵ، ئەفسەرێکی خاوەن ئەزمونە و لە ڕابردوودا بەشداری لە شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان کردووە.

XS
SM
MD
LG