Accessibility links

جۆن بۆڵتن ئێران بە هێرشی سەر چوار کەشتیـیەکەی نزیک ئیمارات تاوانباردەکات


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی پـێی‌وایە ئێران لە پشت ئەو هێرشەوە بووبێت کە لە 12 ی ئەم مانگەدا کرایە سەر چوار کەشتی لە بەندەری فوجەیرەی ئیمارات.

جۆن بۆڵتن ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەبو زەبی پایتەختی ئیمارات پەنجەی تاوانی بۆ ئێران درێژکرد و گوتی"هیچ کەسێک لە واشنتن نیـیە گومانی هەبێت لەوەی کێ لەوە بەرپـرسە."

بەڵام بۆڵتن ئامادە نەبوو هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو و تەنیا گوتی" ناچمە نێو وردەکاریـیەکانەوە، ئەمە شتێکە خاوەن کەشتیـیەکان و وڵاتانی پەیوەندیدار بەپـێی هەڵسەنگاندنی خۆیان لەسەری بڵاودەکەنەوە. بەڵام پـێموایە گرنگە ڕێبەرانی ئێران بزانن کە ئێمە دەزانین."

پاشان باسی لە مەترسیـیەکانی ئێران لە عێراق کرد و گوتی ئەمەریکا زۆر نیگەرانە لەوەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران ملیشیا شیعەکان لە عێراق بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئەمەریکایـیەکان. هۆشداری دا ئەگەربێت و هەر هێرشێک ئەنجام بدرێت، ئەوا هێزی قودس لێی بەرپرسیار دەبێت.

ئەم کاربەدەستە باڵایەی ئەمەریکا شەوی سێشەممە گەیشتە ئیمارات و ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد بن زاید وەلی عەهدی ئیمارات و تەحنون بن زاید هاوتا ئیماراتیـیەکەی کۆبووەتەوە بۆ تاووتوێکردنی ئاسایش و گرژیـیەکانی ناوچەکە.

ئێران لای خۆیەوە لە زاری عەباس موسەویی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی دەستی لە هێرشەکەی فوجەیرەدا هەبووبێت و گوتی ئەم ئیدیعایەی ئەمەریکا جێی پـێکەنینە.

لە ئێستادا تیمێکی لێکۆڵەری نێودەوڵەتی 5 وڵات، لە نێویاندا ئەمەریکا، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکە کە بووە مایەی زیان گەیاندن بە چوار کەشتی بازرگانی.

XS
SM
MD
LG