Accessibility links

ئەمەریکا کەشتیـیەکی فڕۆکەهەڵگر و بۆمب هاوێژێک ڕوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەشتیـیەکی فڕۆکە هەڵگر و فڕۆکەیەکی بۆمب هاوێژ ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەمەش پاش ئەوەی وەک کاربەدەستێکی ئەمەریکا دەڵێت ئێران ئاماژەی جێی نیگەرانی داوە.

کۆشکی سپی لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندنێکی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکای بڵاوکردەوە کە تیایدا نووسیویەتی "وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ژمارەیەک ئاماژە و ئاگاهی نیگەران بەخش لە لایەن ئێرانەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەشتی فڕۆکەهەڵگری USS Abraham Lincoln و کۆمەڵە کەشتی یاوەری لەگەڵ بۆمب هاوێژێکی ڕەوانەی ناوچەی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا دەکات تاوەکو پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بە ڕژێمی ئێران بدات سەبارەت بەوەی هەر هێرشێک بکرێت بۆ سەر بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا یان هاوپەیمانەکانمان، ئەوا بە هێزێکی پـۆڵاین وەڵام دەدرێتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەوڵ نادات شەڕ لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا بکات، بەڵام لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک، ئیدی لە لایەن وەکیلەکانی ئێران یان سوپای پاسداران یانش لە لایەن هێزە نیزامی ئێرانەوە بکرێت."

جێی ئاماژەیە کاربەدەستانی ئێران پـێشتر هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزیان کردووە ئەگەربێت و هەناردەی نەوتیان ڕابگیرێت.

کۆتایی مانگی ڕابردوو جەنەڕاڵ محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئێران بە ئاژانسی ئیسنای وڵاتەکەی گوت ئەگەر نەوتی ئێران بەو تەنگەیەدا نەڕوات، ئەوا نەوتی وڵاتانی دیکەش بەویادا تێپەڕ نابن.

بەهۆی توندترکردنی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێران، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە زۆر کەمی کردووە و بەوەش دووچاری کێشەیەکی گەورەی ئابوری بووەتەوە. ئەمەریکا دەڵێت ئێران زۆربەی زۆری داهاتەکەی بۆ خراپکاری و دابینکردنی پارە بۆ گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەکیلی لە ناوچەکە تەرخان دەکات، لەوانە حزبوڵڵای لوبنان.

XS
SM
MD
LG