سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆتایی بەو لێخۆشبوونە هێنا کە بە هەشت وڵاتی بەخشیبوو لە کڕینی نەوتی ئێرانی بەبێ سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بەسەریاندا.
کۆشکی سپی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا کە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردەوە، نووسیویەتی سەرۆک ترامپ بڕیاری داوە لە سەرەتای مانگی پـێنجەوە ئەمەریکا لە هیچ وڵاتێک خۆشنەبێت کە نەوتی ئێرانی بکڕێت، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران ببێت بە سفر.
بەپـێی ڕاگەیاندنەکە، ئەمەریکا و عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات کە سێ وڵاتی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتن، لەگەڵ دۆستان و هاوپەیمانانیان نەوتی پـێویست بۆ بازاڕەکانی جیهان دابین دەکەن تاوەکو ناهێڵن بڕینی نەوتی ئێرانی کاریگەری هەبێت.
بەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ دەبێت هەریەک لە چین و هیندستان و تورکیا و کۆریای باشور و ژاپـۆن و تایوان و ئیتالیا و یۆنان لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە چیتر نەوت لە ئێران نەکڕن، ئەگەر نا ئەوا سزاکانی ئەمەریکایان بەسەردا دەسەپێت.
مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە، دەڵێت ئەم بڕیارەی ئەمەریکا لە بەرژەوەندی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا نیـیە و زیان بە خەڵکی ئێران دەگەیەنێت.
بەڵام بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل پـشتیوانی لە بڕیارەکە کرد و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" بڕیاری سەرۆک ترامپ و بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا گرنگیـیەکی زۆری هەیە بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر ڕژێمی تێرۆرستی ئێران. ئێمە پشتیوانی لە پـێداگیری ئەمەریکا لە دژی دوژمنکاری ئێران دەکەین، وە ئەمەش ڕێگە ڕاستەکەیە بۆ ڕاگرتنی."
جێی وەبیرهێنانەوەیە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو، ماوەی 6 مانگ مۆڵەتی دا بەو هەشت وڵاتە نەوتی خاو لە ئێران بکڕن هەتا سەرچاوەی دیکە دەدۆزنەوە.