Accessibility links

ئەمەریکا بە نیاز نیـیە مۆڵەتی لێخۆشبوون لە سزاکانی پەیوەست بە ئێران درێژبکاتەوە


بەرپـرسی تایبەتی ئەمەریکا بۆ دۆسێی ئێران دەڵێت وڵاتەکەی بەنیاز نیـیە ئەو مۆڵەتەی درێژبکاتەوە کە بە ژمارەیەک وڵاتی دابوو هەتا مانگی پـێنج کۆتایی‌بهێنن بە گرێبەستە نەوتیـیەکانیان لەگەڵ ئێراندا.

برایان هوک لە میانەی چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی NHK ی ژاپـۆنی گوتی نابێت ئەو وڵاتانەی لە ئێستادا نەوتی ئێران دەکڕن چاوەڕوانبن لە مانگی پـێنج مۆڵەتێکی دیکەیان بۆ دەربچێت.

گوتیشی ئەمەریکا ئامادەنیـیە دەستبەرداری هیچ کام لە سزاکانی دژی ئێران ببێت، ئیدی لە بواری کەرتی نەوت بێت یان هەرچ شتێکی دیکە. جەختیشی کردەوە ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە ئێران داهاتی لە نەوت ببێت بە سفر.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو ماوەی 6 مانگ مۆڵەتی دا بە ژمارەیەک وڵات نەوتی خاو لە ئێران بکڕن هەتا سەرچاوەی دیکە دەدۆزنەوە.

بریان هوک دەڵێت ئەو کاتە بۆیە ئەو بڕیارە درابوو تاوەکو نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزنەبێتەوە، بەڵام لە ئێستادا هێندە نەوت لە بازاڕدا هەیە کە بەسە بۆ دابینکردنی پـێداویسـتیەکانی ئەمساڵ.

جێی ئاماژەیە هەریەک لە چین و هیندستان و ژاپـۆن و کۆریای باشور و تورکیا لە نێو لیستی ئەو وڵاتانەن کە ئەم ماوەی شەش مانگە مۆڵەتە دەیانگرێتەوە.

محەمەد باقر نۆبەخت سەرۆکی دەزگای پـلان و بوجەی ئێران مانگی ڕابردوو گوتی هەناردەکردنی وڵاتەکەی زۆر کەمی کردووە و ئەوەش وایکردووە 47 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی وڵاتەکەی لە بوجەی ساڵی 2017 ی کەمببێتەوە.

XS
SM
MD
LG