Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئێران دەسەپێنێت لەسەر بوونی هێزی ئێرانی لە سوریا


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سزای دارایی سەپاندووە بەسەر هەردوو هێزی فاتمیون و زەینەبیونی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و هەردوو کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی قشم فارس و فلایت تڕاڤڵی بنکە لە ئەرمینیا.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی، ئەو دوو هێزە لە چەکدارانی بیانی پـێکهاتوون و لە لایەن هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا دانراون بە مەبەستی شەڕکردن بۆ ڕژێمی ئەسەد. دەڵێت هێزی فاتمیون لە ئەفغانی پـێکهاتوون و هێزی زەینەبیون پاکستانین.

ستیڤن منۆخن وەزیری خەزێنە دەڵێت ڕژێمی ئێران منداڵ و نەوجەوانی خەڵکی ئاوارە لە ئێران بێ‌بەش دەکات لە خزمەتگوزاریـیە سەرەکیـیەکان، لەوانە خوێندن، ئەمەش تاوەکو بەرەو سوریایان بەرن و لەوێ لە شەڕەکاندا وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنن.

خانم سیگال ماندێلکەر، یاریدەدەری وەزیری خەزێنە بۆ کاروباری هەواڵگری تێرۆرزم و دارایی دەڵێت ڕژێمی ئێران بە سەرپەرشتی سوپای پاسداران بە زۆر نەوجەوانانی تەمەن 14 ساڵ بۆ شەڕکردن ڕەوانەی سوریا دەکات.

بەپـێی ئەو ئەفغانیانەی لە ئێرانەوە گەیشتوونەتە ئەوروپا، کە ژمارەیەکیان لەو چەکدارانەی هێزی فاتمیون بوون، دەڵێن هێزەکانی ئاسایشی ئێران دەستگیریانکردبوون و پـێیان گوتوون دوو بژارەیان لە بەردەمدایە، ئەویش یان دەیانخەنە زیندانەوە و ڕەوانەی وڵاتەکەیان دەکەنەوە یانیش دەبنە بەسیج و بۆ شەڕی سوریا دەبرێن.

سەبارەت بە دوو کۆمپانیاکەش، وەزارەتەکە دەڵێت کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی قشم فارس لە ژێر کۆنترۆڵی هێڵی ئاسمانی ماهانە و هەڵدەستێت بە گواستنەوەی چەکدار و چەک و تەقەمەنی بۆ سوریا. کۆمپانیای فلایت تڕاڤڵی بنکە لە ئەرمینیا لە بری کۆمپانیای ماهان کاردەکات.

XS
SM
MD
LG