ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە رۆژی دووشەممەوە لەسەر بەڵێن و داخوازی سەرۆک ترامپ سزاکانی سەپاندەوە سەر کەرتەکانی پێشەسازی نەوت و دارایی ئێران لە هەڵگەڕانەوەی ئەو یارمەتیانەی ئێران وەکو بەشێک لە رێکەوتننامەی نێۆنەتەوەیی وەری دەگرت بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکی.
وەزیری دەروەی ویلایەتە یەکگرتووەکان مایک پۆمپێۆ و وەزیری خەزینە ستیڤن مونخن ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتیان رژێمی ئێران بژاردەیەکی هەیە" یان دەتوانێت 180 پلە لەو رەفتار و کردارانەی کە لە دەرەوەی یاسادایە بگۆڕێ و وەکو وڵاتێکی ئاسایی رەفتار بکات وە یان دەتوانێت رووخانی ئابوری وڵاتەکەی ببینێت."
ئەو وڵاتانەی کە چاوو پۆشیان لێ و بۆ ماوەیەکی کاتی لە هاوردنی نەوت رێگایان پێی دەدرێت تورکیا، چین، هیند، ژاپۆن، کوریای باشور، تایوان، ئیتالیا و یۆنانە و روون نییە ئەو رێگا دانە کەی ماوەکە بەسەر دەچێت.
پـێوانەکان، قەدەغەکردنەکان دەسەپێنێتەوە سەر کڕینی نەوتی ئێران کە بەشێکی هەرە گەورەیە لە ئابوری وڵاتەکە.
سەپاندنەوەی سزاکان هەر وەها بانکی ناوەندی ئێران و کەرتەکانی هەناردەکردن و کەشتی درووستکردن دەگرێتەوە.
سەرۆکی ئێران حەسەن رۆحانی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا لە رۆژی دووشەممە وتی ئێران گوێ نادات بە سزاکانی ئەمەریکا و لەسەر فرۆشتنی نەوت بەردەوام دەبێت.