Accessibility links

ئەمەریکا کۆتایی‌دەهێنێت بە پەیماننامەی دۆستایەتی خۆی لەگەڵ ئێراندا


ئەمەریکا لە پەیماننامەی دۆستایەتی لەگەڵ ئێراندا کشایەوە، ئەوەی لە ساڵی 1955 وە لە نێوان هەردوو وڵاتدا مۆرکرابوو.

مایک پەمپـێۆ ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی دەرەوە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئێران ئەم پەیماننامەیەی بۆ بەرژەوەندیـیەکانی خۆی قۆستووەتەوە.

ئێران لەسەر بنەمای ئەم پەیماننامەیە لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵای لە دژی ئەمەریکا تۆمارکردبوو، بۆیە ئەمڕۆ ئەم دادگایەی گوتی دەبێت ئەمەریکا ئەو سزایانەی لەسەر ئێران هەڵبگرێت کە دەبنە کۆسپ لە بەردەم گەیاندنی کاڵا مرۆیـیەکان بۆ ئەو وڵاتە.

پەمپـێۆ ڕەتیکردەوە ئەمەریکا بە سزاکانی خەڵکی سیڤیل بکاتە ئامانج و گوتی ڕاستە خەڵکی ئێران پـێویستیان بە یارمەتی هەیە، بەڵام ئەوە ڕژێمی ئێرانە سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بە هەدەر داوە بە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە تێرۆرزم و هەڵدانی موشەکی بالیستی بۆ فڕۆکەخانەکانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پـڕچەککردنی میلیشیاکانی لە عێراق و سوریا و لوبنان بە وەکالەت کاری بۆ دەکەن.

وەزیری دەرەوە لە بەشێکی لێدوانەکانی گوتی بەپـێی زانیاریـیە هەواڵگریـیەکانی ئەمەریکا دەستی ئایەتوڵڵاکانی ئێران لە پشت ئەو هێرشانە دەبینین کە لەم ماوەیەی ڕابردوو کرانە سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە بەسڕە و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا. ئاگاهیشی بە دەسەڵاتدارانی ئێرانی دا لەوەی بەرپـرس دەبن لە بەرامبەر هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەمەریکایـیەکان و شوێنەکانیان لەلایەن هێزەکانی ئێران یان لەلایەن میلیشیاکانی بە وەکالەت کاری بۆ دەکەن.

XS
SM
MD
LG