Accessibility links

کاربەدەستێکی ئەمەریکا: واشنتن دەیەوێت پەیماننامەیەک لەگەڵ تاراندا مۆربکات


بەرپـرسی تایبەتی ئەمەریکا بۆ مەسەلەکانی پەیوەست بە ئێران دەڵێت وڵاتەکەی دەیەوێت دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا بکات بە ئامانجی گەیشتن بە پەیماننامەیەک سەبارەت بە هەردوو بەرنامەی موشەکی بالیستی و ناوکی تاران.

برایەن هوک ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆڕێکدا لە ئنستتیوتی هادسن لە واشنتن ئەمەی بۆ ئامادەبووان ڕاگەیاند و گوتی " ئەو ڕێکەوتنە نوێـیەی دەخوازین لەگەڵ ئێراندا مۆریبکەین ڕێکەوتنێکی نێوان کەسانی نێو دوو حکومەت نەبێت وەک ئەو ڕێکەوتنەی پـێشوو، بەڵکو پەیماننامەیەک بێت."

گوتیشی ڕێبەرانی ئێران بەلایەنەوە گرنگ نیـیە وتووێژ ئەنجام بدەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ سەرۆک ترامپ و مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی ئێراندا.

پاشان گوتی" ئێمە ڕێز لەو بۆچوونەیان دەگرین، بەڵام ئەوە هیچ لە پـلانەکانەکانمان ناگۆڕێت، بەرنامەیەکی سەپاندنی سزامان هەیە وا جێبەجێ دەکرێت و ڕێوشوێنی توندتر وا بەڕێوەن."

جێی ئاماژەیە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێراندا لە ساڵی 2015 مۆریکرد، لە لایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند نەکرابوو. بەڵام هەرچ پەیماننامەیەک ئەنجام بدرێت دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەندبکرێت.

برایەن هوک لەم بارەیەوە ڕایگەیاند بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکی پـێشوو براک ئۆباما نەیتوانی دەنگی پـێویست بۆ پەسەندکردنی ڕێکەوتننامەکە لە ئەنجومەنی سینات بەدەستبهێنێت، بەڵام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو دەنگەی بەدەستهێنا. گوتی ئەمە لە حوکمڕانی ئەمەریکادا بەس نیـیە، ئەگەر بتەوێت شتێک بەردەوامی هەبێت.

XS
SM
MD
LG