Accessibility links

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن ناهێڵێن ئێران کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز بکات


برایەن هووک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ مەسەلەکانی پەیوەست بە ئێران
برایەن هووک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ مەسەلەکانی پەیوەست بە ئێران

کاربەدەستانی باڵای ئەمەریکا دواترین قسەکانی ئێرانیان بەلاوە ناوە لەمەڕ دەسەڵاتداریتیان بەسەر کەنداوی فارسدا و دەڵێن واشنتن ئاوەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە کە ئەمەش ڕێگەی سەرەکی هەناردەی نەوت لەڕێ تەنگەی هۆرمز دەگرێتەوە.

برایەن هووک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ مەسەلەکانی پەیوەست بە ئێران لە ڕۆژی سێشەممەدا لە کۆنفرانسێک لە واشنتن کە لەلایەن مەڵبەندی بەرگری لە دیموکراسییەکان میوانداری کرا گوتی ئێرانییەکان بۆ چەندەها ساڵە هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز دەکەن.

وڵاتە یەکگرتۆکانی ئەمەریکا و هاوکارانی دڵنیادەبن لەوەی تەنگەی هورمز کراوە دەبێت بە ڕووی هاتووچووی بازرگانی و لە پێگەی ئێستاکەی و دواڕۆژیدا وەک دەروازەیەکی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە. جێ باسە یەک لە سەر سێی بازرگانی نەوت بە ڕێگەی دەریا لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕ دەبێت.

هەروەها رۆژێک پێشتر مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە هەمان شێوە راگەیاندنەکانی ئێرانییەکانی بەلاوە نا سەبارەت بە کەنداوی فارسی و لەسەر تویتەری خۆی نووسی ئەوان کۆنتڕۆڵی تەنگەی هۆرمز ناکەن.

شایانی وتنە لە راپۆرتیکدا ڕۆژی سێشەممە لەلایەن ماڵپەری تەسنیم کە سەر بە حکومەتی ئێرانە لەسەر زاری عەلی ڕەزا تەنگسیری کۆمانداری نوێی هێزەکانی دەریایی پاسدارانی ئێران گوتوبوی کەنداوی فارسی ماڵی خۆمانە و دەتوانین بە خۆمان لە ئاسایشی کەنداوی فارسی دڵنیاببینەوە، و پێویست ناکات بە هەبوونی بێگانە وەک ئەمەریکا و ئەوانەی وڵاتیان لێرە نیـیە.

XS
SM
MD
LG