Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێی دارایی بەسەر سوپای پاسدارانی ئێران دەسەپێنێت


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر پـێنج ئێرانی سەپاندووە کە پەیوەندیـیان بە بەرنامەی موشەکە بالیستیـیەکانی سوپای پاسدارانەوە هەیە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیانـنامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی ئەم پـێنج کەسە یارمەتیان داوە لە گەیاندنی کەرەستە و شارەزایی دروستکردنی موشەکی بالیستی بۆ حوثیـیەکانی یەمەن، ئەوانەی ئەم جۆرە موشەکە دەگرنە عەرەبستانی سعودیـیە.

دەڵێت لەم دوایـیانە و لە 9 ی مانگی پـێنج حوثیـیەکان موشەکیان گرتووەتە ڕیازی پایتەختی سعودیـیە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا خالید و هەروەها لە ئاوی نێودەڵەتی کەشتیـیەکی هێزی دەریایی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج.

پاشان نووسیویەتی حوثیـیەکان بەم یارمەتیانەی ئێران توانیویانە موشەک بگرنە شار و شوێنە نەوتیـیەکانی سعودیـیە و لەگەڵ ئەوەش هەوڵەکانی بەهاناچوونیان لە یەمەن ڕاگرتووە و هەڕەشەیان بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی دروستکردووە.

وەزارەتەکە دەڵێت بۆیە ئۆفیسی سەرپەرشتی سەروەت و سامانە بیانیـیەکان لە وەزارەت سزاکانی سەپاندووە بەسەر هەریەک لە مەحمود باقری کازم ئاباد و محەمەد ئاغا جەعفەری و جەواد بۆردبار شیر ئەمین و مەهدی ئازەرپیشە و سەید محەمەد حەدادنەژاد تەهرانی.

باقری و جەعفەری بەرپـرسن لە هێزی موشەکی ئەلغەدیری سوپای پاسداران، ئەوەی سەرپەرشتی کارەکانی گواستنەوەی شارەزایی و پارچە و کەرەستەی دروستکردنی موشەکی بالیستی دەکات لە تەواوی ناوچەکە.

شیر ئەمین و ئازەرپیشە بەرپـرسن لە هێزی قودسی سوپای پاسداران. تەهرانی بەرپـرسە لە دابینکردنی پارە و کەرەستە و تەکنەلۆجیا بۆ ڕێکخراوی جیهادی سوپای پاسداران، ئەوەی دەستی هەیە لە بەهێزکردنی توانا موشەکیـیە بالیستیـیەکانی حوثیـیەکان.

بەپـێی سزاکان ئەم بەرپـرسانە ئەگەر سەروەت و سامانیان لە ئەمەریکا هەبێت، ئەوا سڕدەکرێن و پاشان لە هەموو ئەمەریکایـیەک قەدەغەدەکرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات وە هەر دامودەزگایەکی دارایی بیانی کاریان لەگەڵدا بکات ئەوا ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمەریکا دەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG